سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وردەکاریی کارەکانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی خستەڕوو و ڕایگەیاند، بۆ بەردەوامیی کارەکانی پڕۆژەکە کۆمپانیای جێبەجێکار پێویستی بە پێشینەی زیاترە.
ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی پلان و پڕۆژەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەردانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی-يان کرد، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە کارەکانی پڕۆژەکە و داواکاری و پێداویستییەکانیان.
لەوبارەیەوە ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “پڕۆژەکە هەنگاوی باشی بڕیوە، کارەکانی بەردەوامن و کاری خاکی پرۆژەکە 90%ی تەواوبووە”.
وتیشی، “پڕۆژەکە بۆ هەموو پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستانیش گرنگ و جێگەبایەخە، بۆیە داوادەکەین ئەو بڕیارانەی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی دەریانکردوون بۆ لابردنی ئەو زیادەڕۆیيانەی لەبەردەم کاری شەقامەکەدا هەن، جێبەجێبکرێن تاوەکو کارەکانی پڕۆژەکە بەردەوام بن.
کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی سەقامی 100 مەتريی سلێمانی بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی داواکاریی خەرجکردنی پێشینەی زیاتری ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، لەوبارەیەوە ئازاد محەمەد ئەمین وتی، “داوا لە ئەنجومەنی وەزیران و حکومەت دەکەین ئەو پێشینەیە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجبکات”.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواشیکرد حکومەتی هەرێم و ئیدارەی پاریزگای سلێمانی هەنگاوەکانی لابردنی زیادەڕۆييەکانی بەردەم پڕۆژەکە بۆ قۆناغەکانی دووەم و سێیەم جێبەجێبکەن، تاوەکو ئەو ئاستەنگانەی لە قۆناغی یەکەمدا هاتوونەتە بەردەم پڕۆژەکە، لە قۆناغەکانی داهاتوودا دووبارە نەبنەوە.
بەمەبەستی دیاریکردنی زیادەڕۆییەکان و لابردنی پرۆژە زیادەڕۆکانی بەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی پێکهێنراوە، لیژنەکە جگە لە دیاریکردنی زیادەڕۆييەکان خەمڵاندنیان بۆدەکات، بەوتەی ئازاد محەمەد ئەمین، هەمان لیژنە بڕی قەرەبووی ئەو زیادەڕۆیيانە دیاریدەکات.