دوو پەیامی هاوخەمی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە

سەرۆكی یەكێتی پەیامی هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی هەریەك لە فەریقی یەكەم روكن نەوشیروان فوئاد مەستی و هونەرمەندی شێوەكار ئیسماعیل خەیات رادەگەیەنێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامی یەكەمیدا رایگەیاند، بەخەمێکی قووڵەوە ھەواڵی کۆچی دوایی فەریقی یەکەمی روکن (نەوشیروان فوئاد مەستی) تێکۆشەری ناسراوی یەکێتی و دۆستی نزیکی سەرۆک مام جەلالمان پێگەیشت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت، “کاک نەوشیروان فوئاد مەستی یەکێک بوو لە ئەفسەرە ئەکادیمییە چالاکەکان و رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە بەدامەزراوەییکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. لە داڕشتنی سیستەمی سەربازیی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالانیش وەک یەکەم ناوەندی سەربازی لە هەرێم رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو”.

هەروەك باس لە رابردووی ئەو فەرماندە سەربازییە دەكات و ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، دڵسۆزی و بەئەمەکی ئەو تێکۆشەرە وایکردبوو یەکێک بێت لە کەسایەتییە نزیک و متمانەپێکراوەکانی سەرۆک مام جەلال و ماڵئاواییە هەمیشەییەکەشی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ هێزی پێشمەرگە و کوردستان یەکێک لە مامۆستا بەئەزموون و لێهاتووەکانی سەربازیی لەدەستدا.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆچی دوایی فەریقی یەکەمی روکن نەوشیروان فوئاد مەستی شارەزای بواری سەربازی و تێکۆشەری دیاری یەکێتی راگەیەنرا.

سەبارەت بە كۆچی دوایی هونەرمەند ئیسماعیل خەیات-یش، سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا دەڵێت، ئیسماعیل خەیات یەکێک بوو لە شێوەکارە بەناوبانگ و دیارەکانی کوردستان کە کارەکانی لە ناوخۆ و دەرەوە پێشوازی گەورەی لێکراوە و رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە برەودان بە هونەری شێوەکاری.

دەشڵێت، “کارەکانی لەپێناو ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە و لەیادی ناکەین”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە بە “خەمی گەورە” ناودەبات و پرسە و هاوخەمی قووڵ ئاڕاستەی بنەماڵە، هاوڕێیان و هونەرمەندان دەکات.

دوای بەسەربردنی ماوەی دوو ساڵ لە حاڵەتی بێهۆشی (كۆما)دا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هونەرمەندی شێوەكار ئیسماعیل خەیات لە سلێمانی کۆچی دواییکرد.

بابەتی پێشتر

کۆنگرەى ڕۆژنامەوانی ئالێگری پێش یارییەکەى ئیمبۆلی

بابەتی دواتر

پارێزگایەکی عێراق بەردەوامیی حاڵەتی شێرپەنجەی مەمک لە پیاواندا ئاشکرادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share