پارێزگاری سلێمانی: هیچ كەسێك بە ئەنقەست ئاگری لە گۆیژە بەرنەداوە

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی چەند بەرپرسێكی باڵای پارێزگاكە بەڕێوەچوو، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی سوتانی دار سنەوبەرەكان و شاخی گۆیژە وتی، “هیچ لەو ئاگرانە بە ئەنقەست نەبوون”.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەكەم هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەنێو هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا وتی، “ئەو ئاگرانەی سلێمانی هیچیان لە ئەنقەست نەبوون و كەسێكی دیاریكراو یان حزبێكی دیاریكراو لە پشتیانەوە نین، ئەوەی بەڵگەی هەیە كە كەسێك دەستی هەیە لەو ئاگرانە با بیخاتە بەردەستمان دەیدەینە داواكاری گشتی و ئێمە دەبینە خاوەنی ئەو كەیسە”.
پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكرد، “نابێت تەنها چاومان لەسەر ناوخۆی شارەكان بێت، لە وێڵەدەر تا باسنێ هەزاران كیلۆمەتر زەوی سوتاون هۆكاری سەرەكی ئەم حاڵەتانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2014ەوە لە قەیرانێكی قوڵداین، هیچ بودجەیەك هیچ كەرەستیەك داوودەرمانێك بۆ هیچ سێكتەرێكی پۆلیسی دارستان و دارستان و پاوەن شارەوانیی سلێمانی دابین نەكراون”.
هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەشی ڕاگەیاند، ” ئەو سەوزاییانەی بە خوێنی سلێمانی دروستمان كردووە، لە مانگی 9ی ساڵی پارەوە داوای بودجەمان كردووە بۆ ئاودانیان ئەوە دوو باران دەبارێت خەرج نەكراوە”.
“پارەی بەردەستی خۆمم داوە بە ئاودانی سلێمانی و بلوارەكان”، هەڤال ئەبوبەكر لە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت.
سەبارەت بە هۆكارەكانی سوتانی شاخی گۆیژە و هەندێك ناوچەی دیكەی سلێمانی پارێزگارەكەی سلێمانی وتی، “بچنە شاخی گۆیژە ئەگەر یەك ملیۆن بوتڵ شوشەی بیرەتان نەدۆزییەوە من پارێزگار نابم، لەگەڵ بوونی دوو ملیۆن دەبەی ئاو”.
لەپاڵ كەمتەرخەمی هاوڵاتییان لە بوونی ئەو ئاگرانە، هۆكارێكی دیكەی كەوتنەوەی ئاگری گەڕاندەوە بۆ كەمتەرخەمی حكومەت چونكە “چاودێری شارەوانی و دارستان و پۆلیسی دارستانی لەو شوێنانە بوونیان نییە”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی ڕاگەیاند، “لە چیای گۆیژەدا 600 جۆر گوڵ هەن کە لەسەر ئاستی جیهان دەگمەنن، هەرکەسێکیش بیەوێت چیای گۆیژە بۆ پڕۆژەی شەخسی بەکاربهێنێت دەیدەینە دادگا”.

بابەتی پێشتر

لەسەر بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا وەزیر سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد

بابەتی دواتر

خانەقین.. دوو كامپی ئاوارەكانی سنوورەكە چۆڵدەكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share