ئەمریكا 1000 سەربازی دیكە ڕەوانەی ئەفغانستان دەكات

هێزەكانی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی كابول فۆتۆ: AFP

كۆشكی سپی ڕایدەگەیەنێت، سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریداوە بە ڕەوانەكردنی هەزار سەربازی دیكە بۆ ئەفغانستان.

كۆشكی سپیی ئەمریكا ڕایگەیاند، بە ناردنی ئەو هەزار سەربازە، كۆی سەربازانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەو وڵاتە دەگاتە نزیكەی حەوت هەزار.

ئاماژەی بەوەشكرد كە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە كامپ دیڤدەوە دەگەڕێتەوە بۆ بارەگاكەی و دوای ئەوە وتەیەك دەربارەی ئەفغانستان پێشكەش دەكات.

بەمدواییە بایدن وتی، وڵاتەكەی بە شاندی تاڵیبان لە وتووێژەكانی ئاشتی لە دەوحە وتووە كە “هەر ڕێوشوێنێك كە هەڕەشە لە ژیانی ئەمریكییەكان بكات بە گورزێكی سەربازیی خێرا و بەهێز وەڵامدەدرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد كە ڕەزامەندی لەسەر ناردنی هێزی زیاتری سەربازی بۆ كابول داوە بەمەبەستی هاریكاریكردن لە چۆڵكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا.

ناردنی هێزەكە لەكاتێكدایە بەنزیكەیی تەواوی ئەفغانستان كەوتووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان، دوای ئەوەی هێزە حكومییەكان لە بەرامبەر پێشڕەوی چەكدارانی گروپەكەدا بەرگرییان نەكرد و شارەكانیان ڕادەستكردن.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له‌كۆی 34 ویلایه‌تی ئه‌فغانستان ئێستا ته‌نها ویلایه‌تی په‌نجشیر نه‌كه‌وتووه‌ته‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبانه‌وه‌ و هێزه‌كانى حكومه‌ت و میلیشیاكان له‌ سنووره‌كانى ویلایه‌ته‌كه‌ جێگیربوون.

دانیشتووانى ویلایه‌ته‌كه‌ ژماره‌یان 150 هه‌زار كه‌سه‌ و زۆرینه‌یان تاجیكن، چه‌كداره‌كانى دژ به‌ تاڵیبان له‌وێوه‌ خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ نیازى به‌رگرییان هه‌بێت و هێرشی پێچه‌وانه‌ له‌دژی تاڵیبان به‌رپابكه‌ن.

پێشتر سەرکردەیەکی تاڵیبان وتی، “دوای شەڕی 20 ساڵەمان لەگەڵ هێزە بیانییەکان و هێزەکانی ئەفغانستان، هاتووینەتە پایتەخت، بۆیە دەمانەوێت شەڕ کۆتایی پێبێت، دڵنیایی دەدەین بە کاربەدەستانی حکومەت و ئەوانەی لەگەڵ هێزە بیانییەکاندا کاریانکردووە کە ژیانیان پارێزراو دەبێت”.

ئەو سەرکردەیەی تاڵیبان لەناو کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەفغانستانەوە جەختی لە پارێزراوبوونی نێردە دیپلۆماتییەکان كردەوە و ڕایگەیاند، “چەندین گروپ چەکدارمان ناردووە بۆ پاراستنی بارەگا حکومییەکان و نێردە دیپلۆماتییەکان و هەر گروپێک پێکهاتووە لە 15 چەکدار، دەست بۆ کەس نابەین، ئەوانەشی لە فڕۆکەخانەن داوامان لێکردوون بگەڕێنەوە و ئێمە هیچ کاردانەوەیەکمان بەرامبەریان نابێت”.

هاوکات محەمەد نەعیم وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند، کەسیان سزانەداوە و کاربەدەستانی زۆربەی ویلایەتەکان لە ئەفغانستان ماونەتەوە و نەچوونەتە دەرەوەی وڵات.

جەختیشیکردەوە، نایانەوێت جەنگ و خوێنڕشتن ڕووبدات و ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەو شەڕەی لە 40 ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان هەبووە.

س: ڕۆیتەرز + RT

بابەتی پێشتر

کێشانی جگەرەی ئەليکترۆنی بۆ ماوەی 30 خولەک دەتوانێت چی بکات؟

بابەتی دواتر

ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیای تێسلا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گاردیان: تۆڕەکانی تورکیا پاسپۆرتی ساختە بۆ ئەندامانی داعش دەردەکەن بۆ گەیشتنیان بە ئەوروپا و ئەمریکا

لێکۆڵینەوەیەک کە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئەنجامیداوە دەریخستووە، لە تورکیا بەشێوەیەکی مەترسیدار پاسپۆرتی گەشتکردنی ساختە هاوشێوەی پاسپۆرتی فەرمی بۆ…
Total
0
Share