هێزە ئەمنییەكانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەکەم، گۆڕێكی بەكۆمەڵیان لە سنووری پارێزگای كەركوك دۆزییەوە كە ڕوفاتی 45 كەسی تێدابووە.
میدیا عێراقییەکان لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویانکردەوە، كە هێزە ئەمنییەكان، هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنییان لە سنوری گوندی داود علوكە سەربە ناحیەی ڕیاز باشوری ڕۆژئاوای پارێزگای كەركوك ئەنجامداوە.
ئاشكراشیكردووە كە لە میانی هەڵمەتەكەدا، گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە ناوچەكەدا دۆزراوەتەوە، کە گۆڕەکە بۆ کاتی شەڕی داعش و کوشتنی هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەگەڕێتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گۆڕە بەكۆمەڵەی كە لە ناوچەكەدا دۆزراوەتەوە، ڕوفاتی 45 كەس لەخۆدەگرێت كە پێشتر لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە كوژراون.