هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی کەمئەندامانی سەنگەر ڕایگەیاند، ” دەمانەوێت یەکێتی پاک بکەینەوە لە گەندەڵکاران و ئەوانەی دەستیان بۆ بژێوی ژیانی خەڵک و کار و بازرگانی هاووڵاتییانمان دەبرد”.
لە دیدارێکدا کە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، بافڵ تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئاراستەی وەفدەکە کرد و رایگەیاند، “یەکێتی شانازی بە خەبات و تێکۆشانی ئێوەی قارەمانەوە دەکات، ئێوەبوون لە رۆژانی سەختدا لەپێناو سەربەرزی کوردستان و یەکێتیدا بە رۆحێکی شۆڕشگێڕانەوە خەباتتان دەکرد و گڕوتینێکی ترتان بە شۆڕش دەبەخشی، ئێستاش یەکێتی ماڵی ئێوەیە و دەبێت پێش هەموو کەسێک خۆتان بە خاوەنی بزانن”.
بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، ” ئەوانەی یەکێتییان بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندی تایبەت بەکاردەهێنا، دووردەخرێنەوە و ڕێگە نادەین حزبی شەهیدان ببێتە لانەی لەیاسادەرچووان و ئەوانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، یەکێتی دەخەینەوە خزمەت خەڵکە خۆشەویستەکەمان و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکات و ژیانێکی ئارام و شایستە بۆ خەڵک دەستەبەر بکات، یەکێتی بەرهەمی خوێنی شەهیدان، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسییە، ئێمەش وەفادار دەبین و تێکۆشانی ئەوان لەبیرناکەین”.