پارێزەری سکاڵاکار لە دۆسییەی دەستگیرکردنی رێبوار جاف، بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی، ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستگیرکردنەکە دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە.
ڕۆکان سیروان، پارێزەری سکاڵاکار لەو دۆسییەیەدا ئاشکرایکردووە، “دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی سکاڵاکانی سەر ڕێبوار جاف، بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی، ناڕاست و چەواشەکارییە و ئێستا خەڵکانێکی زۆر دەیانەوێت سکاڵای لەسەر تۆماربکەن”.
ئەو پارێزەرە وتوشیەتی ڕێبوار جاف لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک وتبووی گوایە ئەمڕۆ پارێزەرەکەی چۆتە بەردەم دادگا و بەڵگەی پێشکەشکردووە و دادگا بڕیاری دەستگیرکردنەکەی هەڵوەشاندۆتەوە و چاوپۆشی لێکردووە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین پاش بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت ئەو هەواڵە سەرلەبەری ناڕاستە و تەنها هەواڵێکە بۆ چەواشەکردن و بە لاڕێدابردنی ڕای گشتی”.
پارێزەری سکاڵاکار ڕاشیگەیاندووە”ئەو دەنگۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو سکاڵا زۆرەیە کە ئێمە و کەسانی دیکە ئامادەین لەسەر ڕێبوار جاف تۆماری بکەین لە بەرامبەر ئەو تاوان و دەستدرێژییانەی ناوبراو ئەنجامیداوە لە ڕابردوودا چونکە لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت سکاڵای لە دژ تۆماربکەن و پەردە لەسەر تاوانەکانی هەڵبدەنەوە”.
ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکردووە “کاتێک کەسێک تۆمەتبار بێت و بڕیاری دەستگیرکردنی هەبێت ناکرێت هیچ داواکارییەکی پارێزەرەکەشی وەربگیرێت، تاوەکو تۆمەتبارەکە خۆی ڕادەست نەکات بە پێچەوانەوە کاتێک پارێزەر بەدواداچوون بکات لە کاتێکدا تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە، ئەوە دادەنرێت بە تاوانی پەنادان و شاردنەوەی تۆمەتباری هەڵاتوو لە عەدالەت و یاسا، و دەبێت پارێزەرەکەشی بگیرێت و تۆمەتبارە بەپێی مادەی (273) لە یاسای سزادانی عێراقی”.
ئەو پارێزەرە ئەوەشی ئاشکراکردووە “دەرکەوتووە کە تا ئێستا ڕێبوار جاف بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە بەپێی مادەی (421) لەسەر فڕاندنی خەڵک و ئەشکەنجەدانیان و پێویستە بە زوترین کات خۆی ڕادەستی دادگا و پۆلیس بکات، بە پێچەوانەوە بچێتە هەر شوێنێک و لە ماڵی هەر کەسێک بمێنێتەوە ئەو کەسەش دەبێتە تۆمەتبار و فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت، بۆیە چیتر ڕای گشتی چەواشە مەکەن و ڕێز لە سەروەری یاسا بگرن”.