بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان: بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان پێشبینی هاتنی گەشتیارێکی زۆر دەکەین

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان پێشبینی دەکات بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان گەشتیارێکی زۆر سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن و دەڵێت، “ئامادەکاری تەواومان کردووە”.

رێژین رەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان ئەنجامدراون و پێشبینی دەکەین گەشتیارێکی زۆر لە ناوچەکانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق و لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بێنە سنووری دوکان”.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە دووەم رۆژی جەژنەوە وەکو لیژنەی ئەمنی و فەرمانگەکانی کە تایبەتن بە پێشوازی لە گەشتیاران ئامادە دەبین.

پەیوەست بە نرخی کابینە و کەپرە گەشتیارییەکانی دوکان، رێژین رەئوف ئاماژەی بەوەکرد، چاودێریی بازرگانیی سلێمانی نرخ دیاریدەکات، ئێمەش وەک ئیدارەی قەزای دوکان نرخێکمان داناوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەرجەم شوێنە گەشتیارییەکانی دوکان دابەشیدەکەین و لیژنەی ئابوری قائیمقامیەت و لیژنەی پشکنینی بەرێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار سکاڵای هەر هاوڵاتییەک وەردەگرن کە گلەیی نرخی هەبێت.

لە رۆژانی جەژنی نەورۆز بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەی گەشتیاران کەم بوون، لەو بارەیەوە رێژین رەئوف رایگەیاند، بەهۆکاری ئەوەی ئەمساڵ جەژنی نەورۆز کەوتە مانگی رەمەزانەوە و هاوکات قەیرانی ئابوری هەبوو، لە جەژنی نەورۆزدا گەشتیارێکی کەم روویان لە دوکان کرد، بەڵام پێشبینی دەکەین لە جەژنی رەمەزاندا ژمارەکە زیاد بکات بەو پێیەی بەر لە جەژن دوو مووچە دابەشکراوە.

تاکو ئێستا دیار نییە کەی لە هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت، بڕیارە ئێوارەی  29ی رەمەزان کە هاوکاتە لەگەڵ 8ی نیسانی 2024 لیژنەی بینینی مانگ چاودێریی مانگ بکەن و یەکەمین رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریبکەن.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: هەرێم و عێراق لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە عەقڵییەتی كۆكەرەوەی مام جەلالە

بابەتی دواتر

نوێترین زانیاری لەبارەی کارەکانی پرۆژەی بەرزەپردی حەپسەخانی نەقیب لە سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share