گروپێكی هاوڵاتییانی توركیا هێرشێكیان بۆسەر خانوو و ئۆتۆمبێلی پەنابەرە سورییەكان لە ناوچەیەكی سەر بە ئەنقەرەی پایتەخت ئەنجامدا.
ڕۆژنامەی زەمان-ی توركی بڵاویكردەوە، هێرشەكە بۆسەر سورییەكان و ماڵ و موڵكەكانیان لە یەكێك لە گەڕەكەكانی پایتەخت، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵێك بووە لەسەر “هێرشێك بەچەقۆ بۆسەر دوو گەنجی تورك لەلایەن هەندێك لە سورییەكانەوە”.
ئاشكراشیكرد نزیكەی 100 تورك كۆبوونەتەوە و هێرشیان بۆسەر سەرجەم ماڵ و ئۆتۆمبێلی سورییەكانی ناوچەكە ئەنجامداوە، تائەوكاتەی هێزی چالاكییە مەدەنییەكان گەیشتوونەتە ناوچەكە و بڵاوەیان بەهەردوولا كردووە.
هێرشبەران داوای نامرۆییانەشیان كردووە وەك (لەناوبردنی پەنابەران) و (جارێكی دیكە نەكردنەوەی دووكانەكانیان)، دوای ئەوەی بەرپرسی ناوچەكە گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەكە، وەك ئەوەی ڕۆژنامەكە ئاماژەی پێداوە.
لە ڕووداوەكەدا گەنجێكی تەمەن 18 ساڵ كوژراوە، كە ڕوبەڕووی هێرش بە چەقۆ بووەتەوە، بریندارێكی دیكەش لەژێر چارەسەردایە و، ژمارەیەكیش لە پەنابەران دەستبەسەركراون.
ڕووداوەكە لەكاتێكدایە ئێوارەی هەینی 30ی تەمموز خێزانێکی کوردی حەوت کەسی لە شاری کۆنیای تورکیا، لەلایەن چەند توركێکەوە هێرشكرایەسەریان و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە، كە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، کۆمەڵکوژ کران.
خێزانە كوردەكە ماوەی 24 ساڵ بوو لە ناوچەكە دەژیان، بەڵام ماوەیەك بوو ڕوبەڕووی هەوڵی نەژادپەرستی دەبوونەوە.