تاڵیبان بە سزادانی كەسوكاریان هەڕەشە لە وەرگێڕە هۆڵەندییەكان دەكات

ژمارەیەك لە چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان فۆتۆ: ڕۆیتەرز

بزوتنەوەی تاڵیبان داوای لەو وەرگێڕانە كردووە كە لەگەڵ هۆڵەندییەكاندا كاریانكردووە لەبەردەم دادگادا ئامادەبن و بەڵێنی سزادانی كەسوكاریشیان دەدات ئەگەر ئامادەنەبن.

بەپێی كەناڵی (ئێن ئۆ ئێس)ی هۆڵەندی، بزوتنەوەكە نامەیەكی ئاراستەی ئەو وەرگێڕانە كردووە كە خۆیان حەشارداوە، بەپێی نامەكە ئەندامانی خێزانەكەیان بەرپرسیارێتییەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ ئەگەر لەبەردەم دادگادا ئامادەنەبن، “بەمەبەستی بەقورسی سزادانیان تا ناپاكەكانی دیكە وانەی لێوەربگرن”.

بەپێی كەناڵەكە ئەو كەسەی نامەكەی پێگەیشتووە لە ئاژانسی پۆلیسی ئەوروپی (یۆرۆپوڵ) لە ئەفغانستان كاریكردووە و، تۆمەتبارە بە وەرگرتنی “پارەی قەدەغە و ئابڕوبەر” لە كەسانی بیانی.

لە نامەیەكی دیكەدا كە وەرگێڕێك پێیگەیشتووە و لەلایەن تاڵیبانەوە تۆمەتباركراوە بە كوژرانی ژمارەیەك چەكدارەكانی هاتووە، “تۆڵەدەكەینەوە، ئەگەر نەتوانین دەستگیرتبكەین پرسەكە لەگەڵ كەسە نزیكەكانت یەكلادەكەینەوە”.

كەناڵەكە ئەوەی خستووەتەڕوو، سەرجەم ئاماژەكان نیشانیدەدەن نامەكان كە مۆری فەرمییان پێوەیە لەلایەن تاڵیبانەوە نێردراوە و دەڵێت، پەیوەندی بە نزیكەی 10 وەرگێڕ یان ئەو كەسانەوە كردووە كە پێشتر لەگەڵ هۆڵەندییەكاندا كاریان كردووە و سەرجەمیان دوپاتیانكردووەتەوە كە دۆخیان تادێت بەرەو دژوارتر دەڕوات.

بزوتنەوەكە پاش كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لێبوردنی گشتی بۆ بەرپرسانی پێشووی حكومەتی ئەفغانستان و بەرپرسانی سەربازی دەركرد.

لە حوزەیرانی ڕابردووش تاڵیبان داوای لەو وەرگێڕانە كرد كە لەگەڵ هێزە بیانییەكان كاریان كردووە تۆبە بكەن، لەهەمان كاتدا داوای لێكردن پاش كشانەوەی ئەو هێزانە لە ئەفغانستان بمێننەوە، دوپاتیشیكردەوە كە تووشی ئەزیەتدان نابن.

بابەتی پێشتر

کۆمسیۆن هۆکاری بەشدارینەکردنی حەشدی شەعبی لە دەنگدانی تایبەتدا بڵاودەکاتەوە

بابەتی دواتر

ئەنچلۆتی دووچاری دوو کێشە بووە و چارەسەری پێنییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share