ئیداره‌ی یانه‌ی به‌رشلۆنه هیچ بۆندێکی نوێی پیشکه‌شی لیۆ مێسی نه‌کردووه، یاریزانه‌که ڕێککه‌وتنی له‌گه‌ڵ پاریس‌دا کردووه و پێشکه‌شکردنی له‌و یانه‌یه ده‌که‌وێته ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه.
ڕۆژنامه‌کانی ئیسپانیا دره‌نگانێکی شه‌وی ڕابردوو بڵاویانکرده‌وه، ئیداره‌ی خوان لاپۆرتا ڕیمۆنتادای کارگێڕیی کردووه و له کۆتا ساته‌کاندا بۆندێکی دیکه‌یان بۆ نوێکردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی مێسی پێشکه‌شکردووه.
له‌و باره‌یه‌وه چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووسی ناوداری که‌ته‌لۆنی له نمونه‌ی گویلێم بالاگی دووپاتیانکردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه دووره له‌ڕاستییه‌وه، به‌ڵکو یانه‌ی به‌رشلۆنه بێهیوابووه له به‌رده‌وامبوونی ئه‌فسانه‌که و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ خودی خۆی و چوارده‌وری یاریزانه‌که نه‌ماوه.
له‌به‌رامبه‌ردا میدیاکانی فه‌ره‌نسا له‌زاری خه‌لیفه بن حه‌مه‌د ئالسانی برای شازاده‌ی قه‌ته‌ره‌وه بڵاویانکردووه‌ته‌وه، گرێبه‌ستی مێسی له‌گه‌ڵ پاریس به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا سه‌د بۆ ماوەی دوو وەرز کۆتاییهاتووه، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کانیش به‌و ئاڕاسته‌یه‌ن له‌م هه‌فته‌یه‌دا جادووگه‌ره‌که‌ی ئه‌رجه‌نتین له شاری پاریس به هانده‌رانی پاریس سان جێرمان بناسێنرێت.