شارەزایانی ئاووهەوا لە سەرتاسەری جیهاندا كۆبوونەتەوە و لەسەر یەك شت كۆدەنگ بوون، ئەویش قەتیسبوونی زیاتری گەرما و تێكچوونی ژینگەیە، ئەوان كە لە چێوەی لیژنەیەكی پەیوەست بە ئاووهەوا یەكیانگرتووە، ڕاپۆرتێكیان لەڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڵاوكردووەتەوە و هۆشداری دەدەن لەوەی چالاكییەكانی مرۆڤ و درێژەدانی بە بەكارهێنانی سووتەمەنی و بەردەوامبوونی لە دەردان و بڵاوكردنەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، هەسارەكە زیاتر گەرم دەكات.
بەرئەنجامی ئەو ڕاپۆرتە، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە سیاسییەكان دەكات ڕێوشوێنی خێرا و بنەڕەتی بگرنەبەر لەئاست گۆڕانی ئاووهەوا و كاریگەرییەكانی لەسەر بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای زەوی.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لەمیانەی ئەو ڕاپۆرتەدا كە لیژنەی حكومیی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووهەوا بڵاویكردەوە و دەڵێت، چێوەی گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە لە لایەنەكانی سیستمی ئاووهەوا بەشێوەیەكی گشتی، بەدرێژایی چەندین سەدە و تەنانەت چەندین هەزار ساڵ، بێپێشینەیە.
ئامادەكارانی ڕاپۆرتەكە نوسیوویانە لەژێر ڕۆشنایی بەڵگەكاندا، متمانەیەكی زۆریان هەیە بەوەی چڕیی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەوادا بەرزترین بووە لە ساڵی 2019، بەراورد بەوەی هەبووە بەدرێژایی لانیكەم ملیۆن ساڵی ڕابردوودا.
ڕوونیشیدەكەنەوە، پلەی گەرمای ڕووكاری زەوی “لە ساڵی 1970وە بەشێوەیەكی خێراتر بەرزبووەتەوە بەراورد بە هەر 50 ساڵێكی دیكە لەمیانەی لانیكەمی دوو هەزار ساڵی پێشوو، ئەوەش وادەكات پلەی گەرمیی زەوی تا ساڵی 2030 بەڕێژەی 1.5 پلە بەرزببێتەوە بە بەراورد بە سەردەمی پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی، پێشبینییش دەكەن لە ساڵی 2050دا ڕێژەكەی بۆ دوو پلە بەرزببێتەوە و تا كۆتایی ئەم سەدەیە بگات بە 2.7 پلە.
234 شارەزا لە 66 وڵات بەشداربوون لە نووسینی ڕاپۆرتەكەدا، كە بە بەرفراوانترین دادەنرێت لەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن لیژنەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە ساڵی 2013وە بڵاودەكرێنەوە.
شارەزایانی ئاووهەوا ڕایدەگەیەنن، بەرپرسیارێتیی مرۆیی دەربارەی دیاردەی قەتیسبوونی گەرما “گومانی تێدانییە و دیاردەكە بەردەوامە”.
ئەوان مەترسییەكی ڕاستەقینە لەبارەی ژینگە و ئاووهەواوە دەخەنەڕوو و دەڵێن، “توانای دارستان و خاك و ئۆقیانووسەكان لە هەڵمژینی دووەم ئۆكسیدی كاربۆندا كەمبووەتەوە، ئەوەش بەشێوەیەكی زۆر كاردەكاتە سەر هەوڵەكانی بەرگرتن لە قەتیسبوونی گەرما”.
فریدریك ئۆتو، یەكێك لە ئامادەكارانی ڕاپۆرتەكە جەختدەكاتەوە كە “قەتیسبوونی گەرما بەرئەنجامی چالاكیی مرۆیی و سووتاندنی سووتەمەنیی بە بەردبووە”.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو چێوەیەدا ڕایگەیاند، “زەنگی ئاگاداركردنەوە گوێ كەڕدەكات و بەڵگەكان یەكلاكەرەوەن”.
ئەوەشی وت، “پێویستە ئەم ڕاپۆرتە وەك خاڵی كۆتایی بێت بۆ خەڵوز و وزەی بەردین، بەر لەوەی هەسارەكەمان لەناوببەن، ئەگەر ئێستا هێزەكانمان یەكبخەین، دەتوانین خۆمان لە ڕوودانی كارەساتی ئاووهەوا بپارێزین”.
گۆتیرێش داواشی لە وڵاتانی دەوڵەمەند و بانكەكانی گەشەپێدان كرد پارەی زیاتر پێشكەش بكەن بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ئاووهەوا لە ناوچە هەژارەكانی جیهاندا.
زانایان و شارەزایانی ژینگە پێشبینیی سەرنجڕاكێش دەخەنەڕوو و دەڵێن، “گۆڕانی ئاووهەوا دەگاتە ڕادەیەك كە زۆربەی ناوچەكانی وشكانی باران و بەفربارین بەخۆیانەوە دەبینن و ئێستاش سەرەتای ئەو قۆناغە دەستیپێكردووە”.
ئەوەی كە مەترسیدارە و بەشێك لە شارەزایانی ئاووهەوا باسی دەكەن، قسەكەی مایكڵ وینەر، یەكێك لە نووسەرانی ڕاپۆرتەكەیە كە دەڵێت، “ڕەنگە هاوینی جەمسەری باكوور بەبێ بەستەڵەك بێت، تا ساڵی 2050 بەلایەنی كەمەوە جارێك سەهۆڵبەندانی سەر زەریای بەستەڵەكی باكوور دەتوێتەوە و بە تەواوەتی لەناودەچێت. پلەكانی گەرماش خێراتر و دوو هێندەی تێكڕای جیهانی بەرزدەبنەوە”.
بە وتەی ئەو زانایە و بەشێكی تری شارەزایانی ئاووهەوا، توانەوەی سەهۆڵبەندان دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاكان، بەجۆرێك ئاوی دەریا دوو بۆ سێ مەتر بەرزدەبێتەوە و قەبارەی زەریاكانیش گەورەتر دەبن و دروستبوونی لافاو زۆر دەبێت.