زەنگەكانی ئاگاداركردنەوە هی ئەوە نین گوێیان لێنەگیرێت
ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان: گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا بێپێشینەیە

زەنگەكانی ئاگاداركردنەوە هی ئەوە نین گوێیان لێنەگیرێت

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە سیاسییەكان دەكات ڕێوشوێنی خێرا و بنەڕەتی بگرنەبەر، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێك دەربارەی گۆڕانی ئاووهەوا و كاریگەرییەكانی لەسەر بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای زەوی.

ئەو وتانەی گۆتیرێش لەمیانەی ڕاپۆرتێكدا بوو، كە ئەمڕۆ لیژنەی حكومیی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووهەوا بڵاویكردەوە و دەڵێت، چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە لە لایەنەكانی سیستمی ئاووهەوا بەشێوەیەكی گشتی، بەدرێژایی چەندین سەدە و تەنانەت چەندین هەزار ساڵ، بێپێشینەیە.

ئامادەكارانی ڕاپۆرتەكە نوسیوویانە لەژێر ڕۆشنایی بەڵگەكان، متمانەیەكی زۆریان هەیە بەوەی چڕیی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەوادا بەرزترین بووە لە ساڵی 2019، بەراورد بەوەی هەبووە لەمیانەی لانیكەمی ملیۆن ساڵی ڕابردوودا.

ڕوونیشیدەكەنەوە، پلەی گەرمای ڕووكاری زەوی “لە ساڵی 1970وە بەشێوەیەكی خێراتر بەرزبووەتەوە بەراورد بە هەر 50 ساڵێكی دیكە لەمیانەی لانیكەمی دوو هەزار ساڵی پێشوو”.

234 شارەزا لە 66 وڵات بەشداربوون لە نوسینی ڕاپۆرتەكەدا، كە بە بەرفراوانترین دادەنرێت لەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن لیژنەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە ساڵی 2013وە بڵاودەكرێنەوە.

شارەزایانی ئاووهەوا دەڵێن، بەرپرسیارێتیی مرۆیی دەربارەی دیاردەی قەتیسبوونی گەرما “گومانی تێدانییە”.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو چوارچێوەیەدا ڕایگەیاند، “زەنگی ئاگاداركردنەوە گوێ كەڕدەكات و بەڵگەكان یەكلاكەرەوەن”.

ئەوەشی وت، “پێویستە ئەم ڕاپۆرتە وەك خاڵی كۆتایی بێت بۆ خەڵوز و وزەی بەردین، بەر لەوەی هەسارەكەمان لەناوببەن، ئەگەر ئێستا هێزەكانمان یەكبخەین، دەتوانین خۆمان لە ڕوودانی كارەساتی ئاووهەوا بپارێزین”.

گۆتیرێش داواشی لە وڵاتانی دەوڵەمەند و بانكەكانی گەشەپێدان كرد پارەی زیاتر پێشكەش بكەن بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ئاووهەوا لە ناوچە هەژارەكانی جیهاندا.

 

س: DW

بابەتی پێشتر

پارتی ڕێگەینەدا كەسوكاری گەریلایەكی چارەنووسنادیار بێنە هەرێمی كوردستان

بابەتی دواتر

بەرزنجە.. کەسێک دەستگیرکرا زیاتر لە 100 داری بڕیوەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share