وەزیری نەوتی عێراق: كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە گفتوگۆ و ڕێزگرتنی بۆچوونەكان چارەسەر دەكەین

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق پێشوازیكرد لە كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، “لە دیدارەكەدا وەزیری نەوتی عێراق ئامادەیی وەزارەتەكەی نیشاندا بۆ كاركردن لەپێناو نەهێشتن و چارەسەركردنی هەموو كێشە و ئاستەنگییە هونەری و داراییەكان بەمەبەستی پاراستنی سامانی نیشتمانی”.

وەزیری نەوت ئاشكرایكردووە كە “حكومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت، جەختدەكەنەوە لە گرنگیی مامەڵەكردن بە شەفافییەتێكی بەرز لە بەڕێوەبردنی سامانی نەوت لە سەرتاسەری عێراق-دا. بەپێویستیشی دەزانن كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە گفتوگۆ و ڕێزگرتنی بۆچوونەكان و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نیشتمانی چارەسەر بكەن”.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق هیوای خواستووە دیدار و گفتوگۆكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان-دا، لاپەڕەیەكی نوێی گفتوگۆی بابەتییانەی جددی بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەقە دەستوورییەكان كە مافی پارێزگا و هەرێمەكانیان دەستەبەر كردوون.

وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە، لەبارەی دیدارەكەوە كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، “هەستم بە هەماهەنگی و بەدەمەوەهاتنی گەورەی وەزیری نەوت و كاربەدەستانی وەزارەتەكە كرد بەمەبەستی چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵواسراوەكان لەنێوان حكومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستان-دا”.

بابەتی پێشتر

عێراق لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆوە بڕیاریدا

بابەتی دواتر

باوکێک کچە 20 ساڵانەکەی لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی کوشت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share