عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ئاشكرایكرد، “عێراق دەستیكردووە بە وتووێژ لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا بۆ بەدەستخستنی قەرزێك كە بڕەكەی لەنێوان سێ بۆ چوار ملیار دۆلاردا دەبێت”.
ڕوونیكردەوە كە وتووێژەكان پێشتر هەبوون، بەڵام بەهۆی زۆربوونی داهاتی عێراق-ـەوە ڕاگیرابوون و توانراوە تا ئێستا قەیرانەكە تێبپەڕێندرێت، بەڵام ماوەیەكە وتووێژ دەستیپێكردووەتەوە و عێراق مەبەستیەتی ئەو قەرزە وەربگرێت بۆ ئەوەی كورتهێنانی بودجەی پێپڕبكاتەوە.
وەزیری دارایی عێراق لە بەغداد قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان كرد و وتی، “پێموانییە ئەمساڵ لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا بگەین بە ڕێككەوتن و پێدەچێت وەرگرتنی قەرزەكە بكەوێتە ساڵی داهاتووەوە”.
عەلاوی وتیشی، “ماوەی چەند ڕۆژێكە دەستكراوە بە ئامادەكاركردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2022”.
وەزیری دارایی عێراق جەختیكردەوە كە بودجەی ساڵی داهاتوو ڕەهەندی چاكسازییانەی هەیە و جیاواز دەبێت لە بودجەكانی پێشووتر.