هۆكاری گرانتربوونی بەنزین لانەبردنی باجی سەر سوتەمەنیی هاوردەكراوە

نرخی بەنزین جارێكی دیكە لە سلێمانی بەرزبووەوە، تا ئێستا ئەو باجەی لەسەر هاوردەكردنی سوتەمەنی هەیە و حكومەت بڕیاریدابوو لایبدات، لانەبراوە، عەلی حەمە ساڵح ڕایدەگەیەنێت، “چەند جارێك وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ئەنجومەنی وەزیران پێیان وتووین پێداچوونەوە بەنرخی بەنزین دەكەن، بەڵام هێشتا هەنگاوی بۆ نەنراوە”.

ئەمڕۆ لە سلێمانی نرخی بەنزین زیاتر بەرزبووەوە، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “دوو بۆ سێ جار وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ئەنجومەنی وەزیران بە ئێمەیان وتووە، كە پێداچوونەوە بە نرخدا دەكەین، بەڵام تائێستا هەنگاوی بۆ نەنراوە”.

وتیشی، “بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە سلێمانی پەیوەندیی بە سیاسەتی گومرگ و هێنانی كەلوپەلەوەیە لە باشماخ”.

تایبەت بە گرانیی بەنزین لە هەولێر، عەلی حەمە ساڵح هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ “قۆرخكردنی هەموو ئەو بەنزینەی حكومەت بەرهەمیدەهێنێت بۆ دوو كۆمپانیا و ئەوان بڕیاری لێدەدەن”، بەوتەی پەرلەمانتارەكە، ئەو كۆمپانیایانە یەك لیتر بەنزین بە 620 دینار وەردەگرن، “بەڵام پارەیەكی زۆری دەخەنەسەر و بە 770 دینار دەیدەنەوە بە بازاڕ، ئەوەش وایكردووە نرخی بەنزین گرانبێت”.

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان ڕوونیشیكردەوە، ئەو بەنزینەی لە ئێرانەوە دێت، زۆربەی وەك بەنزین داخڵناكرێت، بەڵكو وەك پترۆكیمیایی و كەلوپەلی دیكە داخڵدەكرێت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە “باجی بەنزینی تەواوەتی 25 دۆلارە، بەڵام كەلوپەلی دیكە 75 دۆلارە و بەشی زۆری ئەو زیادەیەی باجەكە بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات”.

لە چەند مانگی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان نرخی بەنزین بە بەردەوامی بەرزدەبێتەوە، حكومەت ماوەیەك لەمەوبەر ڕایگەیاند، بۆ هەرزانكردنی بەنزین، باجی سەر سووتەمەنیی هاوردەكراو هەڵدەگرن، بەڵام تا ئێستا ئەو هەنگاوەی نەناوە.

بابەتی پێشتر

پەڵەكەی سەری كیم جۆنگ ئون جیهانی سەرقاڵكردووە

بابەتی دواتر

كۆماندۆی ئێران ویستوویەتی كەشتییە بەریتانییەكە بڕفێنێت، بەڵام نەیتوانیوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share