سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و لایەنەكان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دووپاتدەكەنەوە

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی بەشێك لە لایەنە سیاسییەکان لە بەغداد كۆبوونەوە و تاوتوێی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانیان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا کرد و داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری بایكۆتكردنی ئەو لایەنانەش دەكەن، كە بڕیاریانداوە بەشداریی هەڵبژاردن نەكەن.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لە کۆشکی بەغداد کۆبونەوە و کازمی لە کۆبونەوەکەدا ئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا و سەردانەکەی بۆ واشنۆتن بۆ ئامادەبوانی كۆبونەوەكە خستوەتەڕوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، “ئامادەبوانی كۆبونەوەكە پشتیوانی خۆیان بۆ گفتوگۆکان و ڕێككەوتنەكە دووپاتكردووەتەوە، هەروەها پێشوازییان لە بەردەوامی و فراوانکردنی هاوکاری نێوان ئەمریکا و عێراق كردووە لەبوارەکانی سیاسی، ئابوری، ڕۆنشبیری، تەندروستی و زانستیدا بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بگەیەنێت.”

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، سێ سەرۆكایەتییەكە و بەشداربوانی کۆبونەوەکە باسیان لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن کردووە و جەختیانکردوەتەوە لەوەی كە هەڵبژاردنەكە دەبێت لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچێت، داواشیان لە حکومەت کردووە ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەکە تەواو بکات و پشتیوانی زیاتری کۆمسیۆن بێت بۆ سەرخستنی.

هەروەها، “لایەنە بەشداربووەكانی كۆبونەوەكە داواشیانکردوە ئەو لایەن و هاوپەیمانێتیانەی بەهەر هۆکارێک بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، پێداچونەوە بەبڕیارەکەیاندا بكەن، چونکە بەشداریكردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، هەڵبژاردەیەکی نیشتمانییە و لەخزمەت گەل و داخوازییەکانی دایە”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ڕاکەرێکی ئیتاڵی بووە هەژەندی تۆکیۆ 2020

بابەتی دواتر

ئەمریكا لەبارەی كوشتنی خێزانە كوردەكە: چاوەڕوانین توركیا لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم ڕووداوە ناشرینە بكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share