ئەمریكا لەبارەی كوشتنی خێزانە كوردەكە: چاوەڕوانین توركیا لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم ڕووداوە ناشرینە بكات

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا

دەربارەی ڕووداوی كوشتنی حەوت ئەندامی خێزانێكی كورد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، چاوەڕوان دەکەین تورکیا دڵنیایی بدات لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم ڕووداوە ناشرینە و هەر تۆمەتێکی تری رەگەزپەرستی دەكرێت.

ئێوارەی هەینی 30ی تەمموز خێزانێکی کوردی حەوت کەسی لە شاری کۆنیای تورکیا، لەلایەن چەند توركێکەوە هێرشكرایەسەریان و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە، كە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، کۆمەڵکوژ کران.

وتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەرژەوەندی هاوبەشمانە کە تورکیا ببێتە هاوپەیمانێكی سەقامگیر، دیموکراسی، بەرەوپێشچوو و متمانەپێکراو.

دەربارەی تاوانەكە و ڕووداوەكانی پێشتریش وتی، “چاوەڕوان دەکەین تورکیا ڕێزبگرێت و، دڵنیایی بدات لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم ڕووداوە ناشرینە و هەر تۆمەتێکی تری ڕەگەزپەرستی دەکرێت”.

ڕووداوەكەی ئێوارەی هەینی لەكاتێكدایە لە 12ی هەمان مانگ گروپێكی هاوشێوە هێرشیان كردەسەر خێزانەكە و حەوت ئەندامیان برینداركردن، بەپێی میدیاكان ئەوكات بەشێك لە ئەندامانی گروپە هێرشبەرەكە دەستگیركران، بەڵام دواتر ئازادكران.

خێزانە كوردەكە ماوەی 24 ساڵ بوو لە ناوچەكە دەژیان، بەڵام ماوەیەكە ڕوبەڕووی هەوڵی نەژادپەرستی دەبنەوە، تا گەیشتە ڕووداوەكەی ئێوارەی دوێنێ.

ماوەیەك پێشتر لە هەمان ناوچە نەژادپەرستەكان، كە لە 60 كەس پێكدەهاتن، هێرشیان كردەسەر بنەماڵەیەكی دیكەی كورد و ئەندامێكی بنەماڵەكەیان بەناوی حەکیم داڵ (تەمەن 43 ساڵ) کوشت.

ئەو نەژادپەرستانە، كە لە ناوچەى کاراهۆیەک-ی كۆنیا دەژین، پێشتریش چەندینجار هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردبوو.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لەسەر زاری حەمدی داڵ برای حەکیم داڵ بڵاویکردەوە، لەبەر ئەوەى کوردن هێرش دەکرێتە سەریان و وتی، “لەبەر ئەوەى ئێمە کوردین ئێمەیان خۆشناوێت، دەیانگوت دەبێت ئێرە بفرۆشن و بڕۆن”.

هاوكات لە 19ی مانگی پێشوو، لە ئەفیۆن بە چەک هێرشیان كرایەسەر کرێکارانی وەرزیی کوردی خەڵکی ئامەد و حەوت کرێکاریان بریندارکرد، کە دووانیان ژن بوون.

سەرەڕای چەندبارەبوونەوەی ئەو ڕووداو و هێرشانە و بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی كورد، كە قوربانییەكانیش هاندەری نەژادپەرستی لە پشت هێرشەكانەوە دووپاتدەكەنەوە، بەڵام وەزیری ناوخۆی توركیا ڕەتیدەكاتەوە ڕووداوەكان هیچ پەیوەندییەكی بە پرسی كورد-توركەوە هەبێت.

سولەيمان سۆيڵو، وەزيرى ناوخۆيى توركيا دەربارەی هێرشەكەی ئێوارەی هەینی وتی، “دوژمنايەتییه‌كی نزيكەى 11 ساڵه‌یه‌، هاوڕێيانمان لە نزيكترين كاتدا دەتوانن دەستگيريان بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش هێزە ئەمنییەکانمان کەوتوونەتەخۆ و بەمنزیکانە ڕادەستی یاسا دەکرێن”.

بابەتی پێشتر

سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و لایەنەكان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دووپاتدەكەنەوە

بابەتی دواتر

ئارسیناڵ 1-2 چێڵسی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share