قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت کورد لە بەغداد یەکبێت بۆ بەرگری لە مافی خەڵکی خۆمان

قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی کرد، بۆ دیاریکردنی میکانیزمی چۆنێتی کارکردنی هاوپەیمانێتییەکە لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا.

دوای كۆبوونەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا میکانیزم و چۆنێتیی کارکردنی هاوپەیمانییەکەمان لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا دیاریکرد، ئەرکەکانمان بەسەر لیژنە هاوبەشەکانماندا دابەشکرد”.

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، هەموو هێزێکیان لەم قۆناغەدا کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، کۆدەکەنەوە بە ئامانجی سەرخستنی هاوپەیمانییەکە “تاوەکو باشترین خزمەت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەین”.

وتیشی، “ئێمە دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنینەوە، دەمانەوێت کورد لە بەغداد پێکەوەبێت تاوەکو بە بەهێزی بەرگری لە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین”.

لای خۆیەوە دەرباز محەمەد بڕیاردەری هاوپەیمانی کوردستان ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەکانمان بەردەوامییان دەبێت و بەشێکە لە ڕاییکردنی کاری هاوپەیمانییەکە، ئێمە دەمانەوێت ئارامی بۆ پرۆسەی سیاسی و ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد هەبووە، بگەڕێنینەوە”.

لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ڕێککەوتنێکیان واژووکرد بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک (هاوپەیمانی كوردستان) بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

بابەتی پێشتر

سێ وڵات لە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگری دارستانەكانی توركیا بەشدارن

بابەتی دواتر

ئارسیناڵ بە کڕینی بین وایت ڕیزبەندی گرانبەهاکانی گۆڕی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share