كەنەكە، تاوانەكەی كۆنیا و هێرشەكانی ئەمدواییەی سەر كورد لە توركیا، بە پیلانی دەوڵەت و حكومەتی ئاکەپە – مەهەپە دەزانێت، دەڵێت، “دەوڵەتی تورکیا لەو کارانەدا ئەزمونی زۆرە”.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لەبارەی تاوانی كۆمەڵكوژكردنی خێزانە كوردە حەوت كەسییەكەی كۆنیا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، پێیوایە، “هێرشێکی ئاسایی نییە و دڕندایەتی و کۆمەڵکوژییە”، ئەوەی بەبیرهێناوەتەوە، كە “ماوەیەکە لە شارە گەورەکانی تورکیا، ئیزمیر، ئەنکەرە، کۆنیا، ئەفیون، ئاسکیشەهر، مەنیسا، ئەنتالیا و هەندێک شوێنی دیکە، هێرشی لەم چەشنە دەکرێتە سەر کوردان، ژمارەیەک کەس کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش بریندارکراون”.
كەنەكە دووپاتیدەكاتەوە، “هێرشکارەکان خەڵکی ئاسایی نین و سەربەخۆ ئەو کارانە ناکەن، پیلانی هێرشەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە و ئەردۆغانەوە دادەڕێژرێن، هەر خۆشیان هێرشکارەکان دەپارێزن”.
پێی وایە ئامانجی هێرشەکان ئەوەیە “کوردان بترسێنن، لە خۆڕێکخستن دووریان بخەنەوە و لەناویان ببەن، دەوڵەتی تورکیا لەو کارانەدا ئەزمونی زۆرە، لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، هەمان ڕەفتاریشی بەرامبەر ئەرمەنی و یۆنانییەکان کرد و بەهەمانشێوەش هێرشیکردە سەر ئەوان، دواتریش کۆمەڵکوژی کردن، پیلانی دەوڵەتی تورکیا بۆ گەلی کوردیش هەمان پیلانە”.
بۆیە كەنەكە دووپاتیدەكاتەوە، “گەلی کورد لەژێر هەڕەشەی لەناوبردندایە، ئێمە لەژێر هەڕەشەی جینۆسایداین و پێویستە ئەو ڕاستییە بزانرێت و بەپێی ئەو ڕاستییەش کاربکەین، نابێت هیچ کەسێک لە بەرامبەر ئەو هێرشانە پاشەکشە بکات و پێویستە بە شێوازێکی ڕێکخستن پەرە بە خۆپاراستنی جەوهەری بدرێت، بەتایبەتیش ئەو کوردانەی لە شارە گەورەکانن، پێویستە باشتر خۆیان ڕێکبخەن و بە ڕێکخراویی خۆیان بپارێزن”.
كەنەكە داواشی لە هەموو گەلی کوردستان كردووە “بەرامبەر ئەو دڕندایەتییە بێدەنگ نەبن و خۆیان ڕێکبخەن، لەناو بزووتنەوەی ئازادیدا جێگاى خۆیان بگرن، لە دژی هێرشکاران ڕاوەستن و خاوەندارێتی قوربانیەکان بکەن”.
داواشی لە ڕایگشتیی جیهان، هێزە دیموکراتخواز و مرۆڤدۆستەکان كردووە، “دڕندایەتی دەوڵەتی تورکیا ببینن و پشتگیری لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردستان بکەن”.