ڕووداوەكەی كۆنیا.. نەژادپەرستیی ڕێكخراو بەرامبەر كوردی باكوور

هەدەپە: بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو کورد لە تورکیا دەکوژرێت

ئێوارەی دوێنێ حەوت ئەندامی خێزانێکی کورد لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران، كە لەنێو كوژراوەكاندا ژن و منداڵ هەن، ڕووداوەكە درێژكراوەی چەندینی هاوشێوەیە، كە ماوەیەكە لەلایەن كەسانی نەژادپەرستەوە بەرۆكی خێزانە كوردەكان دەگرێت.

ڕووداوەكە لەكاتێكدایە لە 12ی ئەم هەمانگە گروپێكی هاوشێوە هێرشیان كردە سەر خێزانەكە و حەوت ئەندامیان برینداركردن، بەپێی میدیاكان ئەوكات بەشێك لە ئەندامانی گروپە هێرشبەرەكە دەستگیركران، بەڵام دواتر ئازادكران.

خێزانە كوردەكە ماوەی 24 ساڵ بوو لە ناوچەكە دەژیان، بەڵام ماوەیەكە ڕوبەڕووی هەوڵی نەژادپەرستی دەبنەوە، تا گەیشتە ڕووداوەكەی ئێوارەی دوێنێ.

ماوەیەك پێشتر لە هەمان ناوچە نەژادپەرستەكان، كە لە 60 كەس پێكدەهاتن، هێرشیان كردەسەر بنەماڵەیەكی دیكەی كورد و ئەندامێكی بنەماڵەكەیان بەناوی حەکیم داڵ (تەمەن 43 ساڵ) کوشت.

ئەو نەژادپەرستانە، كە لە ناوچەى کاراهۆیەک-ی كۆنیا دەژین، پێشتریش چەندینجار هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردبوو.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لەسەر زاری حەمدی داڵ برای حەکیم داڵ بڵاویکردەوە، لەبەر ئەوەى کوردن هێرش دەکرێتە سەریان و وتی، “لەبەر ئەوەى ئێمە کوردین ئێمەیان خۆشناوێت، دەیانگوت دەبێت ئێرە بفرۆشن و بڕۆن”.

هاوكات لە 19ی ئەم مانگەش، لە ئەفیۆن بە چەک هێرشیان كرایە سەر کرێکارانی وەرزیی کوردی خەڵکی ئامەد و حەوت کرێکاریان بریندارکرد، کە دووانیان ژن بوون.

سەرەڕای چەندبارەبوونەوەی ئەو ڕووداو و هێرشانە و بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی كورد، كە قوربانییەكانیش هاندەری نەژادپەرستی لە پشت هێرشەكانەوە دووپاتدەكەنەوە، بەڵام وەزیری ناوخۆی توركیا ڕەتیدەكاتەوە ڕووداوەكان هیچ پەیوەندییەكی بە پرسی كورد-توركەوە هەبێت.

سولەيمان سۆيڵو، وەزيرى ناوخۆيى توركيا دەربارەی هێرشەكەی ئێوارەی دوێنێ وتی، “دوژمنايەتییه‌كی نزيكەى 11 ساڵه‌یه‌، هاوڕێيانمان لە نزيكترين كاتدا دەتوانن دەستگيريان بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش هێزە ئەمنییەکانمان کەوتوونەتەخۆ و بەمنزیکانە ڕادەستی یاسا دەکرێن”.

بەرامبەر كوردی باشووریش
لە 13ی ئایاری ڕابردوو خێزانێكی كوردی باشووری كوردستان، كە خەڵكی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بوون، کاتێک ویستبوویان بچن بۆ ئەنتاڵیا، لەسەر ڕێگای سەرەكیی شارۆچكەیەكی مێرسین، لەلایەن چوار تورکەوە لەنێو ئۆتۆمبێلێكی دیكەدا ڕێگەیان پێگیرا، سوكایەتییان پێكرا و دواتر باوك و كوڕە 12 ساڵانەكەی خێزانەكەیان برینداركرد.

دوابەدوای ڕووداوەكە ئاژانسی ئانادۆڵۆ-ی توركیا بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەکان هەر سێ سەرنشینەکەی ئۆتۆمبێلەکەی دیکەیان دەستگیرکردووە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێك لەبارەی ڕێوشوێنەكان بەرامبەریان ڕانەگەیەنراوە و بە سزا نەگەیەندراون.

كاردانەوەكانی تاوانەكەی كۆنیا
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو کورد لە تورکیا دەکوژرێت.

میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، فشارێکی زۆر لەسەر هەدەپە و گەلی کورد هەیە و دەسەڵات وایکردووە ئەم کردەوانە دژی گەلی کورد بکرێن، بۆیە بڕیاریانداوە لە ڕۆژی شەممەوە کۆبوونەوە ئەنجامدەدەن و دەچنە کۆنیا بۆ لێکۆڵینەوە و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ڕووداوەکە.

داواشیكرد، ئۆپۆزسیۆن و هێزە دیموکراتییەکان هەست بە مەترسیی دۆخەکە بکەن، هەمووان دژی فاشیزم بوەستنەوە و داوای یەکسانیی ماف و ئازادییەکان بۆ گەلانی تورکیا بکەن.

هەر لەبارەی تاوانەكەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تویتێكی كردووە، ئیدانەی هێرشی سەر خێزانە کوردەكەی كردووە، هاوخەمی بۆ کەسوکار و خۆشەویستانی قوربانییەکان دەربڕیوە و، داواداكات، “ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێهۆیە دەبێت، ڕوبەڕووی یاسا بکرێنەوە”.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە تویتێك پرسە و سەرەخۆشیی خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی کەسوکاری کوژراوەکان دەکات، نوسیویەتی، “زۆر دڵتەنگم بە هەواڵی تایبەت بە ئەنجامدانی هێرشێکی دڕندانە بۆسەر خێزانێکی کورد لە کۆنیای تورکیا”.

سەرۆكی حكومەت دەشڵێت، “چاوەڕوان دەکەم ئەنجامدەرانی هێرشەکە بەتەواوی سزابدرێن”.

پارێزەران چی دەڵێن؟
بەپێیمیدیاكان، لێکۆڵینەوە لە شوێنی ڕووداوی کۆمەڵکوژکردنی خێزانە كوردەكە کۆتایی پێهات، دوای ئەوە تەرمی قوربانییان (یاشار دەدەئۆغوڵڵاری، باڕش دەدەئۆغوڵڵاری، سەرپیل دەدەئۆغوڵڵاری، سێراپ دەدەئۆغوڵڵاری، ئیپەک دەدەئۆغوڵڵاری، مەتین دەدەئۆغوڵڵاری و سیبەل دەدەئۆغوڵڵاری) بۆ توێکاری گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەڵام پارێزەرانی بنەماڵەکە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکەدا ئامادەبوون و ڕایانگەیاند، لەبارەی ئەنجامدەران و بکوژەکانەوە هیچ زانیارییەکیان دەستنەکەوتووە.

بابەتی پێشتر

كەنەكە لەبارەی بەئامانجگرتنی كوردانی باكوور: کۆمەڵکوژییە و پیلانی دەوڵەت و ئەردۆغانە

بابەتی دواتر

سێ وڵات لە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگری دارستانەكانی توركیا بەشدارن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share