میلان گەوهەرەکەی سانتۆس دەکڕێت

یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لە گواستنەوەی یەکێک لە ناوازەترین گەوهەرەکانی بەرازیل نزیکبووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێزگەی “ڕۆسۆنێرا”ی ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرانی ئەی سی میلان نزیکبوونەتەوە لە واژووکردنی بۆندی لاوێکی بەهرەداری یانەی سانتۆس بەناوی کایۆ جۆرج.

کایۆ تەمەنی 19 ساڵە و لە پێگەی هێرشبەریدا یاریدەکات، بەرزیی باڵای (182 سم) و چاوەڕوانی داهاتوویەکی پرشنگداری لێدەکرێت، تاوەکو ئێستا 77 یاری بۆ سانتۆس کردووە، 16 گۆڵی تۆمارکردووە و چوار گۆڵی ڕەخساندووە، هەروەها بۆ پێکهاتەی لاوانی بەرازیل یاریدەکات.

ماڵپەری تراسنفێر مارکتی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان نرخی یاریزانەکەی بە (12) ملیۆن یورۆ خەمڵاندووە، ئەو نرخەش بۆ یانەیەکی گەورەی وەک میلان نابێتە ڕێگر.

کایۆ لە گواستنەوەکانی هاوینی 2020ــەوە داواکراوی چەندین یانەی گەورەی وەک ئەتلەتیکۆ مەدرید، چێڵسی، ئارسیناڵ و تۆتنهام بووە، سەرچاوە بەرازیلییەکان بە جێنشینی ڕۆناڵدۆی دیاردەی ناودەبەن، وەرزی داهاتوو بۆندەکەی کۆتاییدێت و تاوەکو ئێستا نوێنەکراوەتەوە، بۆیە ئیدارەی سانتۆس بۆ ئەوەی بێبەرامبەر لەدەستینەدەن، بەئەگەرێکی زۆرەوە دەستبەرداری دەبن لەم هاوینە پەیوەندی بە میلانەوە بکات.

بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لە ڕێکەوتنی نێوان حوسام عەواری فەرەنسی یاریزانی یانەی لیۆن و بەڕێوەبەرانی میلان دەکەن.

بابەتی پێشتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. لە 24 كاتژمێری ڕابردوو 22 كەس گیانیان لەدەستداوە

بابەتی دواتر

بەهۆی مۆندیالەوە چامپیۆنزلیگ گۆڕانکاری بەسەردا دێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share