مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر قسەکانی شوان داودی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ماوەی نزیکەی ساڵێکە بڕیاری گۆڕینی شوان داودی لە پۆستی بەڕێوەبەری کەناڵی میدیایی کەرکوک لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە دراوە، بەڵام ناوبراو لە ڕێگەی بەرپرسانەوە هەوڵیداوە بڕیارەکە دوابخات.
لە نوسراوێکدا مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی وەڵامی قسەکانی شوان داودی داوەتەوە بەوەی بڕیاری گۆڕینەکەی بەستووەتەوە بە ڕوداوەکانی ئەمدواییەی ناو یەکێتییەوە، بەڵام مەکتەبی ڕاگەیاندن ئەو نوسراوانەی ئاشکراکردووە، کە شوان داودی لە بەرواری 31ی10ی2020 بڕیاری گۆڕینی دراوە.
بەپێی نوسراوەکانی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، دەبوو لە ڕۆژی 2ی11ی2020 “عیماد ناسیح عەلی” لە جێگەی شوان داودی دەوامی بکردایە، بەڵام شوان داودی ئامادە نەبووە شوێنەکەی چۆڵبکات.
بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژی 31ی 10ی 2020 پۆستی بەڕێوەبەری کەناڵی میدیایی کەرکوک دراوە بە “عیماد ناسیح عەلی” کە پێشتر شوان داودی بەرپرسی بووە، بەڵام شوان داودی ئامادە نەبووە پۆستەکەی چۆڵبکات.