مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی بکوژانی هیشام هاشمی ڕاگەیاند و وتی “بەڵێنەکەمان بردەسەر”.
لە نوسینێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە مستەفا کازمی ڕایگەیاند، “بەڵێنماندا بە دەستگیرکردنی بکوژانی هیشام هاشمی، بەڵێنەکەمان بردەسەر، پێشتریش گروپەكانی مەرگ و بكوژانی ئەحمەد عەبدولسەمەدمان ڕوبەڕوی دادگا كردەوە و سەدان تاوانبار و تێوەگلاو لە خوێنی بێتاوانانمان دەستگیركرد”.
نوسیویەتی، “ڕەخنەگرتن مافی هەمووانە، ئێمە بۆ ڕووکەش و موزایەدە کارناکەین، بەڵکو ئەوەندەی پێمانبکرێت کار بۆ خزمەتی گەلەکەمان و بەدیهێنانی مافەکانیان دەکەین”.
لە درەنگانی شەوی 6ی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، هیشام هاشمی كە شارەزایەكی عێراقیی بواری ئاسایش و بە تایبەت گرووپە چەکدارەکان بوو، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە، بە ماتۆڕسکیلێکەوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە بەغداد تەقەی لێكرا و کوژرا.