ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی نێودەوڵەتی (فاو) هۆشداری دەدات لەوەی پەتای كۆرۆنا كاریگەریی درێژمەودای دەبێت لەسەر ئاسایشی خۆراك لە جیهاندا.
ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت، پەتای كۆرۆنا بەشداربووە لە زیادبوونی گەورەی ژمارەی ئەو كەسانەی لە ساڵی 2020دا بەدەست برسێتییەوە ناڵاندویانە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ژمارەی ئەوانەی گرفتاری برسێتن بەرزبووەتەوە بۆ نزیكەی 768 ملیۆن كەس لە ساڵی ڕابردوودا، كە ئەمەش 10%ی دانیشتووانی جیهان پێكدەهێنێت.
ژمارەكە نزیكەی 118 ملیۆن زیادیكردووە بەراورد بە ساڵی 2019، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر ئەو ژمارەیە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەنزیكەیی بێگۆڕان مابووەوە.
ڕاپۆرتی ساڵی 2021 كە لەژێر ناوی (دۆخی ئاسایشی خۆراك و خۆراكپێدان لە جیهاندا)یە ئاماژە بەوەشدەكات، بەپێی ئاراستەكانی ئێستا ئامانجەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام، كە بەمەبەستی لەناوبردنی برسێتییە تا ساڵی 2030، نایەتەدی.
ژمارەكە زیاترە بە بڕی 30 ملیۆن كەس لەو سیناریۆیەی پێشبینی ڕوودانی دەكرا بەهۆی پەتاكەوە.
س: ڕۆیتەرز + AFP