پەرلەمانتارێك: یاسای تاپۆكردنی زیادەڕۆكان زەویی بازرگانی ناگرێتەوە

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەمواركردنەوەی یاسای زیادەڕۆییەكان، كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە كرا، ئەو زەوییانە ناگرێتەوە كە ڕەگەزی بازرگانیان هەیە و لەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتووەوە دەستیبەسەرداگیراوە.

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “هەمواركردنەوەی یاسای زیادەڕۆییەكان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، بەهیچ شێوەیەك ئەو زەوییانە ناگرێتەوە كە لەلایەن بازرگان و كەسانی دەستڕۆیشتووەوە دەستیبەسەرداگیراوە”.

وتیشی، “هەوڵێكی پەرلەمانیمان داوە لە ناوچەكانی شەقامی دەوروبەری كەلار، شەقامی 100 مەتری سلێمانی و شەقامەكانی 120 مەتری و 150 مەتری هەولێر، دەستی حزب و كۆمپانیاكانی حزب و كۆمەڵێك خەڵكی لێدوورخەینەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد، “لە هەوڵی ئەوەداین ماستەرپلان بۆ ئەو شوێنانە دابنرێت، تاوەكو كۆمەڵێك پرۆژەی ستراتیژیی باشی لەسەر بنیاتبنرێت، بۆ ئەوەی هیچ كەسێك نەتوانێت هەر لەخۆیەوە شوێنێك داگیربكات”.

دابان محەمەد، ڕوونیشیكردەوە، “حاڵەتێك هەبوو لە گەرمیان، كە بازرگانێك دەیویست دەست بەسەر شوێنێكی ستراتیژیدا بگرێت، دواتر لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە كارێكی وامانكرد، دەستی ئەو خەڵكانەی لێ دووربكەینەوە و بخرێتە موزایەدەوە تا لە داهاتوودا داهاتەكەی بخرێتە خزمەتی خەڵكەوە”.

بەپێی ئەو ماستەرپلانەی، كە پەرلەمانتارەكە ئاشكرایكرد، “دەوروبەری شەقامی 100 مەتری سلێمانی، یان 150 مەتری هەولێر دەكرێتە پرۆژەی ستراتیژی و داهاتەكەی شەقامی دووسایدی نێوان شارەكانی پێ تەواوبكرێت”، كە بەبۆچوونی ئەو “باشترە لەوەی سەرمایەدارێك بیبات، كە هیچ خێر و داهاتەكەشی بۆ پارێزگاكە نەبێت”.

دەربارەی ئەوەی ئایا بەگوێرەی یاسا هەمواركراوەكە، ئەو زەوییانەی تاپۆ دەكرێن، كامانەن؟ دابان محەمەد بە ئێستای وت، ئەو زەوییانەن كە هاوڵاتییەك سوودی لێوەردەگرێت و ئەو بڕە پارەیەشی دیاریكراوە زۆر نیە.

جەخت لەوەشدەكاتەوە، بەپێی یاسا نوێكە ئەو زەوییانەی ڕەگەزی بازرگانییان هەیە، یان ئەو زەوییانەی داگیركراون و كراونەتە مۆڵ و باڵەخانەی بازرگانی، ئەوانە ناگرێتەوە و تاپۆ ناكرێن.

پێشتر لوقمان حەمەد سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، مەبەست لە هەمواکردنەوەی یاساکە سودمەندبوونی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستانە و ژمارەیەکی زۆری خەڵک ببنە خاوەنی موڵكی خۆیان و خانووەکانیان لەسەر تاپۆ بکرێت.

سەرۆکی لیژنەکە باسی لەوەشكردبوو، گۆڕانکارییەکانی ناو یاساکە بەجۆرێکە، بەڕێژەی 5%ی نرخی ڕاستەقینەی زەوی تاپۆ بکرێت، هەروەها سەرجەم ئەو قەزا و ناحیە و ناوچانەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا وێرانکراون و زیانیان بەرکەوتووە و دوای ساڵی 1991 ئاوەدانکراونەتەوە، جارێکی دیکە تاپۆبکرێنەوە بۆ هاوڵاتییان.

ڕووبەریش بەپێی شوێن دیاریکراوە، کە بۆ پارێزگاکان 300 مەتر دووجا، قەزاکان 400 مەتر دووجا و ناحیەکان 500 مەتر دووجا زیاتر نەبێت، ئەو موڵکانەی بە زیادەڕۆ لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان دروستکراون، یاساکە نایانگرێتەوە.

بابەتی پێشتر

ئێران و توركیا دەیانەوێت ئەفغانستان بكەنە پەناگەی ئیخوان و میلیشیاكان

بابەتی دواتر

لە دهۆك ژمارەیەك بەنزینخانە بەهۆی ئەوەی كۆمپانیای كار بەنزینیان پێنادات بەنزینخانەكانیان داخستووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

توركیا بۆردومانی دەستپێكردەوە

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی سنووری قەزای ئامێدی-یان دەستپێكردەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون ئەمڕۆ شەممە،…
Total
0
Share