هەولێر: هەر كەسێك دەمامك نەبەستێت سزادەدرێت

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، چەندین ڕێنمایی تایبەت بە خۆپاراستن لە كۆرۆنا-ی بۆ دانیشتووانی پارێزگاكە دەركرد.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێكی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر كە ئەمڕۆ یەكشەممە 25ی تشرینی یەكەم بڵاوكراوەتەوە، “دەبێت سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەمامک ببەستن، هەرکەسێک ڕەچاوی بەستنی دەمامک نەکات، ڕێکاری یاسیایی لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.”
بڕیاریشدراوە بە “پێكهێنانی مەفرەزەی گەڕۆک لە هێزە ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و بەستی دەمامک لە شوینە گشتییەکانی کۆمەڵگا و قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.”
دەقی ڕاگەیاندراوەكە:-
ڕاگه‌یاندراوێك له‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020.10.25، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، به ‌سه‌رپه‌رشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەئامادەبوونی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگار و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن و سەرجەم قائیمقامەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر كۆبووەوە.
کۆبوونەوە بە پشتبەستن بە بەیانی ژمارە(52)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-
یەکەم/ لێژنەی قایمقامیەتەکان و تیمەکانی تەندروستی و شارەوانی و چادێریی بازاڕ و هێزە ئەمنییەکان، ڕاسپێردراون بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
دووەم/ دەبێت سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر، بە ڕەچاووکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا (دەمامک) ببەستن، هەرکەسێک ڕەچاوی بەستنی (دەمامک)نەکات، بەپێی ئەو میکانیزمەی لە کۆبوونەوە بڕیاری لەسەر دراوە، ڕێکاری یاسیایی لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.
سێیەم/ پێکهێنانی مەفرەزەی گەڕۆک لە هێزە ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و بەستی (دەمامک) لە شوینە گشتییەکانی کۆمەڵگا و قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.
چوارەم/ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزیبن و لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیان پێویستە شوفێر و سەرنشین (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
پێنجەم/ ئەم شوێنانە دادەخرێن:-
(هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگگێران، هۆڵه‌كانی بووكگواستنه‌وه، ئاهەنگی دەرچووانی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگا ئەهلی و حکومییەکان، سەرجەم چالاکیی خوولە وەرزشییەکان‌، هه‌موو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک.
شەشەم/ ئەم شوێنانە لە کاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن:-
یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (باڕ)، ڵایف موزیك، ئاهه‌نگی شه‌وانەی یانەکان.
حەوتەم/ پرسەدانان لە (هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت)، مەراسیمی سەرقەبران بەداخراوی دەمێنیتەوە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
هەشتەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کراوەن، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن لە بەستنی دەمامک و دروستنەکردنی قەرەباڵغی، له‌هه‌ر شوێنێكی (بازرگانی، بازاڕ، دوكان، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانه‌) رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی بە تایبەتی بەستنی (دەمامک) جێبه‌جێ نه‌كرێت، ده‌ستبه‌جێ ئه‌م شوێنه‌ ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکە دادەخرێت.
نۆیەم/ هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکان، دەبێت ڕەچاوی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و خۆیان و گەشتیاران پایەندبن بە بەستنی (دەمامک)، هەرشوێنێک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
دەیەم/ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە گشتیی، داوامان لە بەڕێز وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لە کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، لەگەڵ بەڕێزان وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا، پێداچوونەوە بە دەوامی قوتابخانەکان و کۆلێژ و پەیمانگاکان و ناوەندەکانی خوێندن بکرێت.
یانزەهەم/ داوا لە مامۆستایان و پیاوانی ئایینی و یەکیتیی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکارمان بوونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن و بەهیچ شیوەیەک ڕێگە بە خۆیان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان.
دوانزەهەم/ سەرجەم بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڕێگە بە هیچ گرووپێکی گەشتیاری و کەسێک نادرێت بەبێ بەستنی (دەمامک) داخڵی سنووری پارێزگای هەولێر ببێت.
ئەم بڕیارانە لە کاتژمێر 12ی شەوی 26 لەسەر27ی 10ی 2020، دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.10.25
بابەتی پێشتر

ئەردۆغان جارێکی دیکە باسی دروستکردنی دەوڵەت دەکات لە ڕۆژئاوا

بابەتی دواتر

چەکدارانی نزیک لە تورکیا لە دژی ماکرۆن ئاڵای داعشیان بەرزکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share