وەزارەتی دارایی هەرێم گەیشتنی 200 ملیار دینار لە بەغدادەوە ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ یەكەمین بڕە پارەی حكومەتی فیدڕاڵ كە 200 ملیار دینارە خراوەتەسەر ئەژماری وەزارەتەكەیان.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، كاتژمێر 02:00ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکەمین بڕە پاره‌ لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق، کە بڕی 200 ملیار دینارە، خرایه‌سه‌ر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بانکی ناوەندی عێراق لقی هەولێر.

دەشڵێت، ناردنی پارەكە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دایە.

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بودجەی 2021ی عێراق، هەرێمی کوردستان پێویستە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆوە بفرۆشێت و %50ی داهاتە نانەوتییەکانیش ڕادەستی بەغداد بکات، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق ڕەوانە دەکات.

بەڵام لە 15ی حوزەیرانی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا مانگانە 200 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، دواتریش ڕونكرایەوە ئەو پارەیە مانگانە وەك پێشینەیەك دەبێت تا جێبەجێكردنی ناوەرۆكی بودجە لەنێوان هەولێر و بەغداد

دوابەدوای دەرچوونی بڕیارەكە ڕێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی هیوا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پارەكە لە مانگی كانونی یەكەمەوە خەرجدەكرێت، مەرجەكەشی ئەوەیە پاش پێداچوونەوە بێت بە داتا و ئامارەكان و تەنها بۆ موچە خەرجبكرێت”.

ناردن و نەناردنی ئەو بڕە پارەیە پێشتر ڕای جۆراوجۆری لەسەر هەبوو، بەپێی هەندێك لە زانیارییەكانیش ناردنی ئەو بڕەی ئەمڕۆ دوای ئەو فشارانە بووە كە كراوەتەسەر وەزیری دارایی عێراق.

چوارشەممەی ڕابردوو جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناردنی پارەكەی بەدوورزانی و بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ناردنی بەشە بودجە پەیوەستە بە جێبەجێكردنی ماددەی 11 ی یاسای بودجە، كە دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهات ڕەوانە بكات، تا بەغداد بەشە بودجەی بۆ بنێرێت”.

وتیشی، “تائێستا ئەوە جێبەجێنەكراوە، ئەو ڕێككەوتنەشی كە لە نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم كراوە، تا 200 ملیار دینار بنێردرێتە هەرێم، ئێمە پرسیارمان لە وەزیری دارایی عێراق كردووە كەی ئەو بڕە پارەیە دەنێرن، ئەویش لە وەڵامدا وتی هیچ دەقێك لەنێو یاسای بودجەدا نیە كە 200 ملیار بنێردرێتە هەرێم.”

بەوتەی جەمال كۆچەر، وەزیری دارایی عێراق وتوویەتی تەنها بەو شێوەیە بودجە ڕەوانە دەكەن، كە “هەرێم داهاتی نەوت بەنرخی سۆمۆ ڕادەستی بەغداد بكات، لەبەرامبەریشدا حكومەتی فیدراڵ بودجەی هەرێم دەنێرێت”.

جەختی لەوەشكردەوە، وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەی داراییدا جەختی لەوەكردەوە، “جگە لە یاسای بودجە هیچ شتێكی دیكە واژوو اكەم و بەرپرسیارێتی هەڵناگرم، ئەگەریش سەرۆك وەزیران یان هەركەسێكی دیكە ئەوە بكات دەبێت خۆی بەرپرسیاربێت”.

بابەتی پێشتر

وەرگەڕانی مینی پاسێك لە وان گیانلەدەستدانی 12 كۆچبەری لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

عێراق.. لەمساڵدا 50 هێرش بۆسەر زیاتر لە 100 تاوەری کارەبا ئەنجامدراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share