ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان: ئەنجامی گەورەمان لەسەر هێرشەكەی هەولێر بەدەستهێناوە

هێزێكی ئەمنیی عێراقی فۆتۆ: ڕۆیتەرز

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ڕایدەگەیەنێت، گەیشتوونەتە “ئەنجامی زۆر گەورە” لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر و ئەودوای هێرشەكانی دیكە.

لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاند، بەئامانجگرتنی بنكەی عەین ئەسەد و ناوچەی سەوز و هەولێر پێشێلكاری ئەمنین و ڕێوشوێن بەرامبەریان گیراوەتەبەر.

خەفاجی لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق وتیشی، “لێكۆڵینەوە لەبارەی بەئامانجگرتنەكانی ئەمدواییە لەئارادایە و بەڵگە كۆكراونەتەوە و هەوڵێكی ئەمنی گەورە خراوەتەكار”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو بارهەڵگرەی بەكارهێنرا لە هێرشەكەی ئەمدواییەی سەر بنكەی عەین ئەسەد بە 14 موشەك، لە شوێنی دەرچوونیەوە لە بەغداد لەڕێی كامێراكانەوە چاودێریی كراوە” دوپاتیشیكردەوە، “بارهەڵگرەكە گەورەبووە و چەندین تۆن ئارد و ماددەی خۆراكی تیابووە كە بەمەبەستی شاردنەوەی موشەكەكان دانراون تیایدا”.

لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كاری گەورە كراوە بۆ شوێنكەوتن و زانینی خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانە، وەك ئەوەی وتەبێژی پرۆسە هاوبەشەكان ئاماژەی پێدا و ئەوەشی وت، “گەیشتووینەتە ئەنجامی زۆر گەورە لەبارەی هێرشەكەی هەولێر و هێرشەكانی دیكەوە”.

ڕونیشكردەوە، زۆرێك لە هۆكار و سەرچاوەكانی هێرشەكان و تێوەگلاوانیان دەستگیركراون.

ماوەیەكە هێرش بە موشەك و لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆسەر نێردە دیبلۆماسییەكان و ئامانجەكانی ئەمریكا لە بەشێك لە شارەكانی عێراق و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان زیادیانكردووە.

دواهەمینیان ئەو هێرشە موشەكییە بوو كە دوێنێ كرایەسەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، دوای ئەوەی شەوی پێشتری هێرشێك بۆسەر فڕۆكەخانەی هەولێر ئەنجامدرا.

بابەتی پێشتر

سزای سێدارەی بەندكراوێكی سیاسیی كورد هەڵوەشایەوە

بابەتی دواتر

بایدن: تاڵیبان گەیشتووەتە بەهێزترین ئاستی سەربازی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share