سزای سێدارەی بەندكراوێكی سیاسیی كورد هەڵوەشایەوە

شاکر بێهروزی

ڕێكخراوێكی بواری مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، سزای لەسێدارەدانی بەندكراوێكی سیاسی خەڵكی ئورمییە كە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێران بەسەریدا سەپێندرابوو، لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشاوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارەی شاکر بێهروزی، بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە هەڵوەشاوەتەوە و ئەو حوکمە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئاگاداریشەوە دەڵێت، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا شاکر بێهروزی سەرلەنوێ دادگایی بکرێتەوە.

ئەو بەندكراوە كوردە لە مانگی ئابی 2020 لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو بەتۆمەتی ئەندامێتی لە حزبی كۆمەڵە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی ڕێكخراوەكە، ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و لە 21ی ئازاری 2019 لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکراوە.

بابەتی پێشتر

تەرمی کوڕ و کچێک بە کوژراوی دۆزرانەوە

بابەتی دواتر

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان: ئەنجامی گەورەمان لەسەر هێرشەكەی هەولێر بەدەستهێناوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share