كاندیدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كۆمەڵ دەكشێنەوە

كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكان لە بەغداد فۆتۆ: فڕانس پرێس

كشانەوە لە خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختە بڕیاردراوەكەی تشرینی یەكەمی داهاتوو لە عێراق ڕوو لە زیادبوونەوە، هۆكارەكەی بۆ ئەو هەڕەشانە دەگەڕێندرێتەوە كە ڕوبەڕووی كاندیدان دەبێتەوە، سەرەڕای هەوڵە ئەمنییەكان بۆ فەراهەمكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردن.

كشانەوەكان دوابەدوای ئەو زنجیرە كوشتن و تیرۆركردنانە دێت كە چالاكوانانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان و ئەندامانی هاوپەیمانییەكانی لەماوەی ڕابردوودا گرتەوە، تەنها لە مانگی ڕابردوودا هیشام مەشهەدانی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم كە لەلایەن خەمیس خەنجەر، سەرمایەداری سونییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت كوژرا، ئەمەش لەڕێی هێرشێكی چەكداری لە باكووری بەغدادی پایتەخت.

سایتی سكای نیوز لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی، “لەماوەی چەند ڕۆژی كەمی ڕابردوودا دەیان داواكاری كشانەوە لە هەڵبژاردن گەیشتووەتە كۆمسیۆن، بەهۆكاری نەزانراو، كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوونی هەڕەشە یان فشار لە هەندێك لە ناوچەكاندا، بەتایبەت لەو ناوچانەی كێبڕكێ تیایاندا گەرمە”.

سەرچاوەكە وتیشی، “ئەوانەی گەیشتوونەتە كۆمسیۆن زیاترە لە 35 داواكاری، كە دەگەڕێتەوە بۆ كاندیدانی ناوچە جیاوازەكان، هەندێكیشیان كاندیدی بەغدادی پایتەختن، بەڵام كۆمسیۆن هەموو ئەو داوایانە قبوڵ ناكات، بەڵكو ڕەچاوی ژمارەیەك ڕێوشوێن و مەرج دەكات، لەوانەش كۆتای ژنان و كاریگەرنەبوونی كشانەوەكە لەسەر ئەو پرسە”.

“یاسا نەیكردوەتە مەرج لەسەر كاندید كە هۆكاری كشانەوەكەی دیاریبكات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاشكرانەبوونی هۆكارە ڕاستەقینەكەی زۆربوونی كشانەوەكان، كە بێگومان ئاماژەیەكی نەرێنییە لەسەر ئاسایشی هەڵبژاردن لە وڵات”، سەرچاوەكە وادەڵێت.

توندی كێبڕكێكان پاڵنەر و فشارە بۆسەر ژمارەیەك لە كاندیدان بۆ كشانەوە، لە بەرژەوەندی كاندیدانی دیكەی هەمان ناوچە.

ئەو دۆخە هۆكار بووە بۆ ئەوەی هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان و ئەو بزوتنەوانەی لەپاش خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019ەوە دروستبوون و هۆكاربوون بۆ ڕوخانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو هەڕەشەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكە بكەن، هەندێكیشیان ئەو بڕیارەیان بەتەواوی داوە.

سەرەڕای هۆشدارییەكانی هەندێك بەوەی كشانەوەی ئەو هێزانەی داوای گۆڕانكاری دەكەن، دەرگا لەبەردەم هەمان ئەو هێزانەدا دەكەنەوە كە لە ساڵی 2003ەوە عێراق بەڕێوەدەبەن و بەرپرسن لە دۆخی كارەساتباری وڵات تا جارێكی دیكە فەرمانڕەوایی بكەن، بەڵام لایەنگرانی بایكۆتی هەڵبژاردن سوورن لەسەر ئەوەی بایكۆت باشترە لە بەشداری لە هەڵبژاردنێكدا كە لە كۆتایدا لە بەرژەوەندی پارتە گەورەكان و گروپە چەكدارەكانی نزیكیانە لەڕێی ساختەكاری و هەڕەشە بە چەك و كڕین بە پارە.

وائل عەبدولـلەتیف، دادوەر و سیاسیی عێراقی دەڵێت، “فشار و هەڵسوكەوتە شێوێنەرەكان و هەڕەشەی كوشتن دەركەوتوون هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی هەڵبژاردن، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی شێواوی سیاسی و خواستی زۆر لە بەدەستهێنانی پۆست و پلەی باڵا”.

وتیشی، “دەنگۆ هەیە لەبارەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانی گەورەی ناڕەزایی دژ بە پارتە دەسەڵاتدارەكان لەهەمان ڕۆژی دەنگداندا، ئەمەش هۆكاربووە بۆ كشانەوەی هەندێك لە كاندیدان، لەكاتێكدا هەندێكی دیكە پێیانوایە دۆخەكە گونجاو نییە بۆ ئەم جۆرە لە كێبڕكێ، بۆیە بەشداریكردنیان ڕەتكردوەتەوە، ئەمەش لەسەر حكومەت پێویست دەكات كە ڕێوشوێنە توندەكانی لەو ڕووەوە چڕبكاتەوە”.

مانگی ڕابردوو هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەڵمەتێكی فراوانیان بۆ زامنكردنی ئاسایشی هەڵبژاردن دەستپێكرد، كە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگ دەخایەنێت و ئامانج لە قۆناغەكانی یەكەمی دابەشكردنی ناوچەكانە بەپێی مەترسییان و، تۆماركردنی تەواوی ئەگەری هەڕەشەكان و دانانی پلان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان و، چڕكردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەكان و، هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵدەرە نوێیەكان لە ناوچە بەئامانجكراوەكان، سەرەڕای دۆسیەی ئاسایشی ئەلیكترۆنی و گرنگییە زۆرەكەی.

بەڵام چەكدارانی نەناسراو هەفتەی ڕابردوو ئەفسەرێكی دەزگای هەواڵگریی عێراقیان لە ناوچەی بەلەدیات لە ڕۆژهەڵاتی بەغدادی پایتەخت كوشت، كە دووەم ڕووداوی لەو جۆرەیە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا.

س: سكای نیوز

بابەتی پێشتر

عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەك قەدەغەی هاتوچۆی درێژكردەوە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئینگلتەرا بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاری کۆتایی یورۆ

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پێنج ئەندامی خێزانێک لە بەسرە بەهۆی سووتانی ماڵەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی بەسرە ئاشکرایکرد، تەرمی پێنج ئەندامی خێزانێکیان دەرهێناوە، کە بەهۆی سووتانی ماڵەکەیانەوە گیانیان لەدەستداوە. بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاندووە،…
Total
0
Share