ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی 27 ملیۆن دۆلار وەک پاڵپشتی بۆ ڕاهێنانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لایەنی یاسایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە پێشکەشی عێراق دەکات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تاوانە داراییەکان.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەلێدوانێکیدە لەمیانی بەشداریکردنی لە دەستپێکردنی بەرنامەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان ماتیۆ تولەر ڕایگەیاند، “بۆ هاوکاری کردنی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان UNDP، حکومەتی ئەمریکا بڕی 27 ملیۆن دۆلار پێشکەشی UNDP دەکات لەبواری ڕاهێنان و پەرەپێدانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و لایەنە یاساییەکان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تاوانە داراییەکان، ئەو لایەنانە دەتوانن پارێزگاری لە لایەنە داراییەکان بکەن و روبەڕووی گەندەڵی ببنەوە”.
ئەمڕۆ لە بەغداد، ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی بەرنامەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان UNDP بەڕێوەچوو.