بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماری شەش مانگی بەسەرکردنەوەی لیژنەکانی بۆ شوێنە گەشتیارییەکان ئاشکراکرد و بەپێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا 126 شوێنی جیاوازی گەشتیاری بەهۆی نەبوونی مەرجەکانەوە داخراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێرداوە تێیدا هاتووە، ” لیژنەکانی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ( 3600) خاوەن مۆڵەتی گەشتیاریان لە شاری سلێمانی بەسەرکردوەتەوە و لەو سەردانەدا لیژنەکان ( 126) شوێنی جیاوازیان داخستوە و پسوڵەی سەرپێچیان بۆ ( 213) خاوەنکار تۆمارکردوە “.
ئاماژە بەوەشکراوە، ” ( 412) خاوەن مۆڵەت هیچ کەموکوڕیەکیان لە بەردەوامی کارەکانیان ئەنجامنەداوە و ( 914) ئاگاداری پێشکەش کراوە بە مەبەستەکانی (تازەکردنەوەو، دەرهێنانی مۆڵەت ، بەرگری شارستانی ، کۆبونەوە ) کە سەرجەمیان لە پێناو جێبەجێکردنی باشتری مەرج و ڕێنمایەکان بووە “.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ( 1400) خاوەن مۆڵەتی گەشتیاری ، لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی تۆمارکراوە و ئەرکی پشکنین و چاودێریان لە ئەستۆی لیژنەکانە .
شاری سلێمانی یەکێکە لە پارێزگا سەوزەکانی سەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و بەهۆی سروشتەکەیەوە، زۆرترین گەشتیار لە ناوچەکانی خواروی عێراق و وڵاتانی دیکەوە ڕووی تێدەکات، ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانیە، شوێنە گەشتیارییەکان ئاگادار بکاتەوە تا شوێنەکان لە ئاستی خواستی گەشتیاراندا بن.