توركیا لە ڕێككەوتنی “ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان” كشایەوە

خۆپیشاندانێك لە توركیا دژ بە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان

لەمڕۆوە توركیا لە ڕێككەوتنێكی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان كشایەوە تا بڕیارێك جێبەجێبكات، كە بووەتە مایەی ئیدانەكردنی لەلایەن زۆرێك لە هاوڵاتییانی توركیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانی.

بەهۆی كشانەوە لە ڕێككەوتنەكە، هەزاران كەس لە سەرانسەری توركیا ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانی بەرفراوان دەكەن، دوای ئەوەی تانەیەكی یاسایی بۆ وەستاندنی كشانەوەكە لەم هەفتەیەدا ڕەتكرایەوە، وەك ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە.

ڕێككەوتنی ئیستانبوڵ، كە لە گەورەشاری توركیا گفتوگۆی لەسەركرا و لە ساڵی 2011دا واژووی لەسەركرا، واژووكارانی ناچاردەكات بە ڕێگری لە توندوتیژیی خێزانی و دادگاییكردنی ئەنجامدەرانی و بەهێزكردنی بنەماكانی یەكسانی.

كشانەوەكەی ئەنقەرە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاوە ئیدانەكرا و ڕەخنەگرانی دەڵێن، وادەكات توركیا زیاتر دووربكەوێتەوە لەو كۆبەندەی لە ساڵی 1987 داوای هاتنەناوەوەی كرد.

ڕێژەی كوشتنی ژنان لە توركیا زیادیكردووە، بەپێی تۆماری كۆمەڵەیەكی مافی مرۆڤ، لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە حاڵەتێكی كوشتن تۆماركراون.

لایەنگرانی ڕێككەوتنەكە پێیانوایە پێویستی هەیە بۆ جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی شێلگیرانەتر، لە بەرامبەریشدا پارتی داد و گەشەپێدان و نەریتخوازەكان لە توركیا وای دەبینن، كە هەڕەشەیە لەسەر پێكهاتەی خێزانی، كە پارێزەری كۆمەڵگایە.

هەندێكی دیكە وای دەبینن ڕێككەوتنەكە هانی هاوڕەگەزخوازی دەدات لەڕێی بنەمای جیاكارینەكردن لەسەر بنەمای ڕەگەزی.

لەگەڵ ئەوەشدا نوسینگەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە بەیاننامەیەكی دادگای كارگێڕی ڕایگەیاند، كشانەوەیان لە ڕێككەوتنەكە نابێتە هۆی هیچ كەموكوڕییەكی یاسایی یان كردەیی بۆ ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

داعش هێرشیكردە سەر گوندێكی داقوق

بابەتی دواتر

هاتوچۆی سلێمانی هۆشداری بە پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share