ئێران لەنزیکبوونەوەی یادی خۆپیشاندانەکانی 2019ـدا هێڵی ئینتەرنێت دەبڕێت

پێگەی ئێران ئینتەرناشیۆناڵ ئاشکرایکرد، لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادی خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2019ـدا حکومەتی ئێران هێڵی ئینتەرنێتی لە بەشێک لە ناوچەکانی وڵاتەکەی بڕیوە.

پێگەکە باسی لەوەکردووە، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەهەندێک لە ناوچەکانی ئێران ڕووبەرووی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت بوونەتەوە ئەمەش بەهۆی نزیکبوونەوە لەیادی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019.

لە 15ی تشرینی دووەمی ساڵی 2019ـدا خۆپیشاندان لە ئەهوازی ئێران دژی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بەڕێژەی 300% دەستیپێکرد و دواتر خۆپیشاندانەکان بەرفراوانبوو نزیکەی 50 شار و ناوچەی ئێرانی گرتەوە.

لەکاتی خۆپیساندانەکاندا هێزە ئەمنییەکانی ئێران و سوپای پاسداران بۆ ڕێگریکردن و کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان توندوتیژی زۆریان بەکارهێنا کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە.

بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەماوەی هەفتەیەکدا بەهۆی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسدارانەوە لانیکەم 1500 خۆپیشاندەر کوژران کە لەناویاندا ژن و منداڵ هەبوون، هەروەها هەزاران خۆپیشاندەر برینداربوون و دەستگیرکران.

لەکاتی خۆپیشاندانەکانی 2019ی ئێراندا دەسەڵاتی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێتی بڕی، هەروەها سانسۆرێکی توندی خستەسەر هەواڵەکانی کوشتن و بریندارکردن و گرتنی خۆپیشاندەران.

دادگای گەلی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوە لە کوشتن و بریندارکردن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانی کرد، کە لەکاتی خۆپیشاندانەکانی تشرینی دووەمی 2019ـدا ڕووبەرووی بوونەتەوە.

دادگاکە بەرپرسانی ئێرانی بە تۆمەتباری ئەو توندوتیژییانە ناوبرد، لەسەرووشیانەوە عەلی خامنەئی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتۆمەتی دەرکردنی فەرمانەکانی توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیساندەران.

لێکۆڵینەوەکانی دادگاکە لەسەر سکاڵای سێ ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ بووە، ئەوانیش “ڕێکخراوی دادپەروەری لە ئێران” کە بارەگاکەی لە لەندەنە، “مافەکانی مرۆڤی ئێران” لە ئۆسلۆ و ڕێکخراوی “دژی لەسێدارەدانین” کە بارەگاکەی لە فەرەنسایە.

بابەتی پێشتر

لوتکەی ئاووهەوا.. جیهان پلەبەپلە دەستبەرداری وزەی بەردین دەبێت

بابەتی دواتر

لە دوو ڕۆژدا سێ عێراقی لەناو كەمپی هول كوژران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share