رەئیسی لە یەکەم وتاریدا بەڵێنیدا و ئەمریکاشی تۆمەتبارکرد

دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی 18 ی ئەم مانگەدا ئیبراهیم رەئیسی، یەکەم وتاری وەک سەرۆک کۆماری ئێران خوێندەوە و لەبارەی باشترکردنی دۆخی ئابوریی خەڵک و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بەڵێنی بە ئێرانییەکاندا و هاوکات ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە “بەڵێن شكێنی کردووە”.

ئیبراهیم رەئیسی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ڕایگەیاند، “ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بۆچی وەڵامی کۆمەڵێک پرس ناداتەوە، کە لەسەردەمی ترەمپدا دژی ئێران کراوە؟، ئێمە پێمان وایە ئەمریکا دەبێت پابەندی بەڵێنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێت و خۆی بگەڕێتەوە سەر سکەی ڕێککەوتنەکە”.

ڕەئیسی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە وتیشی، “خەڵکی ئێران یادگاریی خۆشیان لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا نییە، چونکە ئەنجامەکەیان نەبینی، هۆکاری ئەوەش بەلێن شکێنی بوو، لەلایەن ئەمریکاوە”.

سەرۆک کۆماری نوێی ئێران ڕایگەیاند، “پرسی موشەکیی ئێران و هەندێک پرسی ناوچەیی، جێگەی گفتوگۆ نییە و ئەوە پەیوەندی بە مافی ئێران خۆیەوە هەیە”.

لەبارەی کێشەی فەڵەستینەوە، ئیبراهیم رەئیسی وتی، “ئێران هەر پشتگیری فەڵەستینییەکانە و ئەوە ڕایگشتیی ئێرانە، چونکە پێمانوایە فەڵەستین هی فەڵەستینییەکانە”.

لەبارەی شەڕی یەمەنەوە رەئیسی شتێکی نوێی جیاوازی لە قسەکانی بەرپرسانی ئێران نەوت و ڕایگەیاند، “سعودییە و هاوپەیمانانی دەبێت لە هەندێک شوێن بکشێنەوە و ئەو جەنگە کۆتای پێبێت”.

ئیبراهیم رەئیسی لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێرانەوە لەگەڵ سعودییە ڕایگەیاند، “کێشەی گەورەمان لەگەڵ سعودییە نییە و ئێستاش وڵاتەکە دەتوانێت باڵیۆزخانەی خۆی لە تاران بکاتەوە، هەمان ڕێکاری لەگەڵدا دەگرینەبەر کە بۆ وڵاتانی دیکەی دونیا دەگیرێتەبەر لە ئێراندا”.

بابەتی پێشتر

شاندێكی عێراقی بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی ئاو سەردانی توركیا دەكات

بابەتی دواتر

پەرلەمانی سوید متمانەی لە سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی سەندەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share