بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما چەند پارێزگایەكی عێراقی خستە دۆخی پشووەوە

لە پارێزگاكانی نەجەف، بەسرە و دیوانیە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بڕیاردرا بۆماوەی 48 كاتژمێر دەوامی فەرمیی فەرمانبەرانی فەرمانگە حکومەییەکان ڕابگیرێت.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، “حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاكانی نەجەف، بەسرە و دیوانیە لە باشووری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاریانداوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەوامی فەرمیی فەرمانگە حکومییەکان بۆ ماوەی 48 کاتژمێر ڕابگرن”.

لای خۆیەوە زوهەیر شەعلان، پارێزگاری دیوانیە بە ڕۆژنامەی” سەباح”ی وتووە، “بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بڕیاریانداوە کاتی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان کەمبکەنەوە و ڕۆژانی پێنجشەممەش لەهەموو هەفتەیەکدا بکەن بە پشوو.

بەپێی پێشبینییەكانی کەشناسیی عێراق  لە ڕۆژانی داهاتوودا پلەكانی گەرما بۆسەروو 50 پلە بەرزدەبنەوە.

پێشتریش ئیسرا عومەر، سەرۆکی پێشبینکارانی کەشوهەوای عێراق بڵاویکردەوە، پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق بەرزبوونەوەی بەرچاو تۆمار دەکەن، بەشێوەیەک لەژێر تیشکی خۆردا پلەی گەرما دەگاتە 60 بۆ 65 پلەی سیلیزی.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ قەزای خانەقین بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکردووە، بەجۆرێک پلەكانی گەرما بۆ 50 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە و لە شاری کەلاریش پلەی گەرما گەیشتوەتە 48 پلەی سیلیزی.

لە ساڵانی ڕابردووشدا حكومەتی عێراق لە وەرزی هاوین یاخود لە مانگی تەمموزدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما چەند ڕۆژێك پشووی ڕاگەیاندووە.

بابەتی پێشتر

مان سیتی بۆندی فێرناندینیۆی نوێکردەوە

بابەتی دواتر

ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداری كۆبوونەوەكان ناكەن موچەیان دەبڕدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمان: نەخوێندەواری لە عێراق 11 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر دەبێت

لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی نەخوێندەوارانی عێراق 11 ملیۆنی تێپەڕاندووە، پێشبینیشدەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەکە زیاد…
Total
0
Share