کۆمپانیای دیلۆیت ڕایدەگەیەنێت، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە ساڵی 2020دا بڕی زیاتر لە چوار ملیار و 448 ملیۆن دۆلاربووە.
کۆمپانیای (دیلۆیت)ی جیهانی سەبارەت بە وردبینی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا داتا و زانیاریی نوێی دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن، خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە یەكی کانونی دووەمی ساڵی 2020 تاوەكو 31-ی کانونی یەکەم 2020، لەگەڵ ڕاپۆرتی یەکگرتووی ساڵی 2020 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوكردەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، لە نێوان (یەکی کانونی دووەمی 2020 تا 31-ی کانونی یەکەم 2020 )، 165 ملیۆن و 942 هەزار و 835 بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆری و پاڵاوگەكانی نەوتەوە هەناردەکراوە.
دیلۆیت ئاشكراشیكردووە، داهاتی نەوتی هەناردەکراو چوار ملیار و448 ملیۆن و 835 هەزار و268 دۆلار بووە، پاش لێدەرکردنی خەرجییەکانی پڕۆسەی نەوت 2 ملیار و 345 ملیۆن و 477 هەزار و711 دۆلار ڕادەستی حکومەتی هەرێم کراوە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، بڕی ئەو پارەیەی گلدراوەتەوە لە بانکێکی لوبنان 294 ملیۆن و 315 هەزار و 126 دۆلارە، بەڵام تا ئێستا بانکەکانی لوبنان بەردەوامن لەسەپاندنی کۆت و بەند لەسەر جموجۆڵی دراوی بیانی بۆ دەرەوەی وڵات.
باسلەوەش کراوە، “لە چوارچێوەی پڕۆژەی وردبینی سەربەخۆی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و وەك بەشێك لە دەستپێشخەری تایبەت بە شەفافییەت لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ ئاشکراکردنی زانیاری سەربار دەکات بۆ پەرەپێدانی شەفافییەت لە بواری کەرتی نەوت و گاز”.
لای خۆیەوە، ماڵپەڕی فەڕمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو ڕاپۆرتەوە نوسیوویەتی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی وردبینی و پێداچونەوە بە پشتبەستن بە سەرنج و پێشنیازی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرەڕای کارکردن بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەکانی چاودێری و وردبینی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییە ناوخۆییەکانی بواری وردبینیی کەرتی نەوت و گاز”.
هەروەها جەختی لەوەكردووەتەوە، “حكومەتی هەرێم دووپاتی پابەندبونی خۆی دەكاتەوە لە بەرامبەر هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام دەبێت لەسەر وردبینی و پێداچونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پرۆسە و بەشەكانییەوە.”