توێژینەوەیەکی نوێی هیندی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نیپای ئاشکراکرد، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکانی سەرئاستی جیهان، ڕێژەی مردن بە نیپا نزیکەی 75%ە.
زانایانی پەیمانگای نیشتمانی بۆ زانستی ڤایرۆسەكان، بۆ یەکەمجار لەناو شەمشەمەکوێرەکانی ویلایەتی ماهاراچرای هیندستان، ڤایرۆسی نیپا-یان تۆمارکردووە، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین و بکوژترین ڤایرۆسەکانی جیهان.
بەپێی توێژینەوەیەک، کە گۆڤاری “نەخۆسییە کوشندەکان و تەندروستیی گشتی” بڵاویکردووەتەوە، شارەزایان و زانایانی پزیشکی لە ئەنجومەنی هیندی بۆ توێژینەوە پزیشکییەکان (ICMR)، لە ئازاری ساڵی 2020دا ترشی ناوەکی (DNA)ی ڤایرۆسی نیپا-یان لە 80 شەمشەمەکوێرەی جۆرەکانی Rousettus leschenaultii وPipistrellus Pipistrellus لە ئەشکەوتەکانی ئەو ناوچەیە دۆزیوەتەوە.
دۆزینەوەی ئەو حاڵەتانەی نیپا لەو دوو جۆرەی شەمشەمەکوێرە لای زانایان مەترسیی دروستکردووە، چونکە شوێنی کۆبوونەوە و ژیانی ئەو شەمشەمەکوێرانە چەند ئەشکەوتێکی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووانە و ئەمەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر دەکات، کە مرۆڤ بەهۆی میوە و کەلوپەلی پیسبوو بە پیسایی و لیکی ئەو شەمشەمەکوێرانە تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڤایرۆسی نیپا-ی لە ڕیزبەندیی ئەو ڤایرۆسانە داناوە، کە لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێنەوە، یەکێکە لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکانی جیهان و تائێستاش هیچ چارەسەر و ڤاکسینێک بۆ ئەو ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە.
بەپێی ڕیزبەندیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیپا یەکێکە لە 10 کوشندەترین ڤایرۆسەکانی سەر ئاستی جیهان، یەکێکە لە ڤایرۆسە کوشندەکان و ڕێژەی گیانلەدەستدان لەوانەی تووشی نیپا دەبن 40 بۆ 75%دایە.
بۆیەکەمجار یەکەم توشبووی ڤایرۆسی نیپا لە هیندستان، ساڵی 2001 تۆمارکرا، لەو بەروارەوە سێ جاری دیکە هیندستان حاڵەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی تۆمارکردووە، لە ساڵانی 2007، 2018 و 2019 بووە.
یەکەم حاڵەتی توشبووی ڤایرۆسی نیپا لەسەر ئاستی جیهان لە مالیزیا و سەنگاپور لەساڵی 1998 تۆمارکرا، ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی هەوکردنی خانەکانی مێشک و پوکانەوەیان.