سوپای پاسدارانی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنای ڕاگەیاند و لە وتارێکیدا فەرماندەی سوپای پاسداران ئامادەیی پیشاندا ڤاکسین بدەن بە ئەمریکا لەئەگەری کەمیی ڤاکسین لەو وڵاتە.
لیوا حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە ڤاکسین بدات بە ئەمریکا، ئەگەر ئەو وڵاتە کەموکوڕی لە ژمارەی پێویستیی ڤاکسین هەبێت.
فەرماندەی سوپای پاسداران دەڵێت، ئامادەین ئەمریکا پێویستی بە هەر بڕێک ڤاکسین هەبێت بۆیان بەرهەمبهێنین و پێیانبدەین.
وتیشی، “ئێمە لە هەنگاوەکانمان بەرەو پێشەوە ناوەستین، گەلەکەمان بەرهەمەکەی وەردەگرن”.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی فەرماندەی سوپای پاسداران ڤاکسینی “نورا” کە زانکۆی (بقیة اللە)ی سەربە سوپای پاسداران بۆ زانستە پزیشکییەکان بەرهەمی هێناوە خرایەڕوو و ئامادەیی ڤاکسینەکە بۆ دابەشکردنی ڕاگەیەنرا.
عەلی ڕەزا بیکرلی سەرۆکی ناوەندی باستۆرا بۆ زانستی پزیشکی ڕایگەیاند، ئێران تەنها پێداویستییەکانی هاوڵاتییەکانی لە ڤاکسین تەواو ناکات، بەڵکو هەر وڵاتێکیش بیەوێت بۆی هەناردە دەکات.