فراکسیۆنی یەکێتی نوسراوێکی ناڕەزایەتی دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان

دوای ئەوەی نوسراوێک بەناوی سەرۆکی پەرلەمانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە ڕێگە لە پەرلەمانتاران دەگیرێت بە تەنها سەردانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بکەن، فراکسیۆنی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، نوسراوەکە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پشتگیری ناکات.

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت، ” ئەم نوسراوە جگە لەوەی ھیچ پاڵپشتیەكی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی نیە، لە ھەمانکاتدا بە لێدان و کەمکردنەوە لە شکۆ و ئەرک و بەرپرسیارێتیی پیشەیی کاری پەرلەمانیی دەزانین”.

لە خاڵێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکەی فراکسیۆنی سەوزدا هاتووە، ” ئەم نووسراوە لەژێر ھەر پاساو و ناوێک دا کرابێت، تەواو ناپەیرەویی و نایاساییە، بۆیە داواکارین ھەرچی زووە نوسراوێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و تێیدا ئەو نووسراوە هەڵبوەشێننەوە و کاری پێنەکەن”.

ئاماژە بەوەشکراوە، ” ئەگەر ھەر ھۆکار و پاساوێکتان ھەیە بۆ دەرکردنی ئەم نوسراوە، ئەو دەکرێت لەرێگای پێکھێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیەوە، لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی وردبکرێت و لە چوارچێوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دا، سزای هەر ئەندامێك بدرێت، ئەگەر پێگەو ناوی پەرلەمان و پەرلەمانتاری بەخراپ بەکارھێنابێت، سەرەرای ئەوەی ئێمە دڵنیاین لە تەواوی ھەڤاڵانی فراکسیۆنەکەمان”.

پێشتر نوسراوێک بە واژووی سەرۆکی پەرلەمان، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوه‌، لەبارەی ئەوەی پەرلەمانتاران بۆیان نییە سەردانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بکەن، بەتەنها بەمەبەستی بەدواداچوون.

دوای ناڕەزایەتییەکانی نوسراوەکە، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ” بڕیارەكە  تەنھا کارکردنە بەماددەکانی (40، 41) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کەتایبەتن بەدەسەڵاتی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ چاودێری و سەردانی مەیدانیی کارو پڕۆژەکان”.

بابەتی پێشتر

داعش هێشتا لە بەشێک لە خاکی عێراق و سوریا خۆی نەداوە بە دەستەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی ئاماری نوێی کۆرۆنای بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share