لێبڕینی موچە حكومەت و پەرلەمانی زیاتر لە یەكتری دوورخستووەتەوە

چوار هەفتە لەمەوبەر، 57 پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاجیاكانی پەرلەمانی كوردستان لە یاداشتێكدا داوایانكرد دانیشتنێكی پەرلەمان لەسەر پرسی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بە ئامادەبوونی حكومەت بكرێت، بەڵام تائێستا نە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ئەنجامدراوە، نە لێبڕینی موچە كۆتاییهاتووە.

“كۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر پرسی موچە نەبێت، نەكردنی باشترە”

دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “هۆكاری ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ئەوەیە، كە حكومەت ئامادە نییە بێتە پەرلەمان”.

وتیشی، “كۆبوونەوە ئەگەر بۆ موچە نەبێت، پەرلەمان كۆنەبێتەوە باشترە”.

بەوتەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، تائێستا حكومەت وەڵامی نوسراوەكەی پەرلەمانی نەداوەتەوە و ئامادەیی دەرنەبڕیوە لە پەرلەمان ئامادەبێت”.

جگە لەیاداشتی ئەو پەرلەمانتارانە، كە لەلایەن پەرلەمانتارانی یەکێتی و گۆڕان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە پێشكەشكرا، فراكسیۆنی پارتیش یاداشتێکی لەبارەی لێبڕینی موچەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرزکردەوە، ژمارەی ئەوانەی واژوویان لەسەر ئەم نوسراوە کردووە 65 پەرلەمانتارن، جگە له 41 پەرلەمانتاری پارتی، ژمارەیەك پەرلەمانتاری یەکێتی و گۆڕان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، واژوویان لەسەر ئەو یاداشتەش کردووە، کە فراكسیۆنی پارتی سەرپەرشتیی نوسینەوەی کردووە.

د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، چوار هەفتە لەمەوبەر داوای ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانمان كرد، بەڵام ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان نەبوو، پێویستە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دانیشتەكە بەغیابی بەڕێوەببات و بڕیاری لێبڕینی موچە هەڵبوەشێنێتەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو جەختی لەوەشكردەوە، “بەهۆی ئەو داواكارییەوە، كە نایانەوێت جێبەجێ بكرێت، پەرلەمانیش ناتوانێت كۆببێتەوە و ڕێگە نادەین هیچ كۆبونەوەیەكی پەرلەمان بكرێت لەسەر پرسی لابردنی لێبرینی موچە نەبێـت”.

نزیكەی ساڵێك بەسەر بڕیاری لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە تێپەڕی، هەرچەندە بڕیارەكە لە سەرەتادا بۆ مانگێك درا، بەڵام حكومەتی هەرێم بە بیانووی نەناردنی پارەكەی بەغداد و كەمبوونەوەی داهات، بەردەوام بوو لە لێبڕین و تەنانەت موچەی ئەم مانگەش بە لێبڕینی 21%ــەوە موچە دابەشبكات.

لە ئێستادا زۆرینەی پەرلەمان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچەدایە و هەردوو یاداشتەكەش داوا دەکات دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان تەرخانبكرێت بۆ پرسی (لێبڕینی موچە و هەموو ئەو بابەتانەی هۆكارن بۆ لێبڕینی موچە، داهات و خەرجیی نەوت، خاڵە سنوورییەكان، جێبەجێنەكردنی یاسای چاكسازی و یاسای بودجەی عێراق)، بەڵام حكومەت هێشتا ئامادە نییە بێتە پەرلەمان.

مانگانە بۆ دابەشکردنی موچە، حکومەتی هەرێم پێویستی بە نزیكەی (894 ملیار) دینارە، ئەگەر بە لێبڕینی 21٪ــەوە موچە دابەش بکات، مانگانە پێویستی بە (706 ملیار) دینار هەیە.

لە ئێستاشدا ڕۆژانە نزیكەی 450 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەروەها ئەو زیادەیەی لە گۆڕینی داهاتی نەوت، كە بە دۆلار دەیفرۆشێت و دواتر دەەیگۆڕێتەوە بە دینار، هەروەها بڕیاری حكومەتی فیدراڵ بۆ ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم ئامادە نییە لێبڕینی موچە كۆتایی پێبهێنێت.

بابەتی پێشتر

هاوسەرۆكانی یەكێتی: دەرفەت گونجاوە لە بەرەیەکی فراوانی نیشتمانی کۆببینەوە

بابەتی دواتر

دژەتیرۆر لەبارەی کوژرانی "جوانڕۆی باڵەبان"ەوە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی: مانگی رابردوو 938 حاڵەتی سكچون و رشانەوە لە نەخۆشخانەی منداڵان تۆمارکراون

تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “لە مانگی رابردوودا 938 حاڵەتی سكچون و رشانەوە لە نەخۆشخانەی منداڵان تۆمارکراون”. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی…
Total
0
Share