هاوسەرۆكانی یەكێتی: دەرفەت گونجاوە لە بەرەیەکی فراوانی نیشتمانی کۆببینەوە

هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم كۆبوونەوە و ڕایدەگەیەنن، دوای ھەڵبژاردنەکان دەرفەت گونجاوە تاوەکو ھاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ ھێزە کوردستانی و عێراقییەکان لەبەرەیەکی فراوانی نیشتمانی کۆببینەوە.

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ لە دەباشان پێشوازیانکرد لە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزم و سەرکردەی دیاری سوننەکان.

ھاوسەرۆکانی یەکێتی بە لەبەرچاوگرتن و خوێندنەوە بۆ واقیعی سیاسی عێراق، ھەرێم و ناوچەکە و کێشمەکێش و ململانێ نێودەوڵەتییەکان، نەخشەڕێگای یەکێتییان بۆ دۆخی ئەمڕۆی عێراق خستەڕوو و تەئکیدیان لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکان کردەوە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

ئاماژەشدەدات، هاوسەرۆكانی یەكێتی ڕوونیانکردەوە دیالۆگی بونیادنەرانەی نیشتمانی لەنێوان ھێزە کوردی و عێراقییەکان بەپێویستی ئەم قۆناغە دەزانین و بە پرۆژە و دیدی ھاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان دەتوانین وڵاتێکی سەقامگیری دەستەبەربکەین.

“وەک یەکێتی باوەڕی تەواومان بەکارکردنی پێکەوەیی ھەیە لەگەڵ دۆستەکانمان لە بەغداد تاوەکو خاڵە ھاوبەشەکانمان بپارێزین و گیانی پێکەوەژیان و یەکتریقبوڵکردن ببووژێنینەوە و بەھەموو شێوەیەکیش سیاسەتی مەزھەبی، نەتەوەیی، زۆرینە و کەمینە و خۆسەپێنی ڕەتدەکەینەوە و بەھۆکاری ناسەقامگیری و قوڵبوونەوەی گرفت و کێشەکانی دەزانین” هاوسەرۆكانی یەكێتی وادەڵێن.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھاوپەیمانی کوردستان لەنێوان یەکێتی و گۆڕان، ھاوسەرۆکان ھەڵوەستەیانکرد و دووپاتیانکردەوە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی پرۆسەیەکی دیموکراسی وەھا فەراھەمبکرێت کەببێتە مایەی ڕەزامەندی ھەمووان و خێروخۆشی بۆ وڵات. راشیانگەیاند ھاوپەیمانی کوردستان ھەنگاوێکە بۆ یەکڕیزی نیشتمانیی کورد و ھەنگاونان بۆ یەکگوتاری و یەکخستنی توانا سیاسییەکان بۆ خزمەتکردنی خەڵک. دووپاتشیانکردەوە دوای ھەڵبژاردنەکان دەرفەت گونجاوە تاوەکو ھاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ ھێزە کوردستانی و عێراقییەکان لەبەرەیەکی فراوانی نیشتمانی کۆببینەوە و لەسەر پاراستنی بەھاباڵاکان سیاسەتێکی نوێ دابڕێژین و پێکەوە خزمەتی گەل و وڵات بکەین.

لە دوا بەشیشیدا هاتووە، پەیوەندییەکانی ھەرێم و ناوەند و پابەندبوون بەرێکەوتنی ھەردوولا بە ناردنی شایستەداراییەکانی ھەرێم گفتوگۆی وردی لەبارەوەکرا و جەخت لەبەردەوامی گفتوگۆکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندی گشتی کرایەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عەلی حەمەساڵح: بەهۆی راگرتنی نەوتی هەرێمەوە عێراق هەموو رۆژێك 31 ملیۆن دۆلار قازانج دەكات

عەلی حەمەساڵح رایدەگەیەنێت، راگرتنی نەوتی هەرێم لەجیاتی زیان سوود بە ئابوریی عێراق دەگەیەنێت. عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی…
Total
0
Share