پەرلەمانتاران كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران پەكدەخەن

كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتارانەوە پەكخراوە و ئەندامێكی هاوپەیمانی فەتحیش دەڵێت، چەند پرۆژە یاسایەكی گرنگ بەهۆی نەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان نەتوانراوە پەسەند بكرێت.

ماوەی نزیكەی مانگێكە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند جارێك وادەی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی دیاریكردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامان ناتوانێت كۆبوونەوەكانی دەستپێبكاتەوە، پەرلەمانتارانیش دەڵێن بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان و چوونەدەرەوەی بەشێك لەپەرلەمانتاران بۆ دەرەوەی وڵات، پێناچێت بەمنزیكانە پەرلەمان بتوانێت كۆبوونەوەكانی دەسپێبكاتەوە.

“چەند پرۆژە یاسایەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان، ناتوانن پەسەندبكرێن”

ئەحمەد كینانی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ماوەی نزیكەی مانگێكە بێئەوەی پەرلەمان لە پشوودابێت، ناتوانێت كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات كە هۆكارەكەشی بەهۆی نەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانەوەیە”.

وتیشی، “چەند كوتلەیەكی سیاسی هۆكاری ئەوەن كە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامنەدرێت، ئەویش لە ڕێگەی ئامادەنەبوونیان لە پەرلەمان”.

كینانی جەخت لەوەشدەكاتەوە، “بەهۆی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان چەند پرۆژە پرۆژەیاسایەكی گرنگ كە خزمەت بەهاوڵاتیان دەكەن نەتوانراوە پەسەند بكرێت، یان خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بكرێت”.

پێشیوایە، ئەو ململانێیەی كە لەنێو كوتلەكانی پەرلەمان دروستبووە هۆكارە بۆ نەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامان.

پەرلەمانتارەكەی فەتح باسلەوەشدەكات، “بەشێك لە پەرلەمانتاران لە گەشت و وڵاتانی دەرەوەی عێراقن و ناگەڕێنەوە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا ئەویش هۆكارێكی دیكەیە بۆ نەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامان”.

ڕونیشیكردەوە، “ئەم هەفتەیە بڕیاربوو كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامان دانیشتنەكە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا و ڕەنگە هەفتەی داهاتوویش بەهەمان شێوە نەتوانرێت كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت”.

“كوتلە كوردستانییەكان هۆكارنین بۆ ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان”

 

حەسەن ئاڵی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان كارێكی خراپە، دژی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و ماوەیەكی زۆرە كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامنەدراوە بەهۆی ئامادە نەبوونی پەرلەمانتارانەوە”.

دەشڵێت، “ئێمە وەكو كوتلە كوردستانییەكان هۆكار نین بۆ ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكان و ئەندامانی كورد ئامادەن بەشداری كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكەن”.

دەربارەی هۆكاری ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكانیش ئاڵی ئاشكرایكرد،”لە كاتی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانەوە زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران كەوتوونەتە هەڵمەتی هەڵبژاردن و دەڕۆن بەلای كارەكانی خۆیانەوە، ئەوەش وایكردووە ژمارەی یاسایی ئەندامان تەواو نەبێت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان”.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی پێشی وایە، “ململانێی نێوان كوتلە گەورەكانی پەرلەمان كە بە تەواوی هەستی پێدەكرێت، لەوانەش سائیرون كە گەورەترین كوتلەیە دەیەوێت هاوشێوەی حكومەت هەژموونی بەسەر پەرلەماندا زاڵبكات لە ڕێگەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەنجامنەدانی كۆبوونەوە”.

ئەوەشدەخاتەڕوو، بەشێك لە كوتلەكان لەگەڵ ئەوەنین لێپرسینەوە لە وەزیرەكان بكرێت، بۆئەوەی ڕێژەی یاسایی ئەندامان تەواو نەبێت بەشدارنابن لە كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا.

دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2021/5/29 ئەنجامدرا كۆبوونەوەكەش بۆئەوەبوو كە ئیدانەی پەلامارەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەزە بكات.

لە ماوەی ڕابردووشدا هاوپەیمانی فەتح دوای بانگهێشتكردن و لێپرسینەوەی چەند وەزیرێكی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانكرد، بەڵام بەبیانوی جیاجیا ئەو پرسە دواخران، ئێستاش فەتح و بەشێك لە لایەنەكانی دیكە دەیانەوێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بانگهێشتكردنی وەزیرەكانی كازمی بكەنە كاری لە پێشینەیان.

بابەتی پێشتر

داهێنانی فڕۆكەیەك دەتوانێت 20 مانگ بێ وەستان بفڕێت

بابەتی دواتر

عێراق هەڕەشەی گواستنەوەی هاوبەشانی كۆڕەك تیلیكۆم بۆ سەر كۆمپانیاكانی دیكە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share