نرخی نەوت بەردەوامە لەبەرزبوونەوە و ئەمڕۆ یەك بەرمیل نەوتی برێنت 75 دۆلاری تێپەڕاند.
نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكاندا جارێكی دیكە نرخەكەی بەزربوونەوەی تۆماركرد، یەك بەرمیل نەوتی برینت بە 75.10 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.
پێچەوانەی برێنت، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس دابەزی و بە 71.95 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا لەكاتێكدا دوێنێ گەیشتبووە 73.63 دۆلار.
بەپێی شیکەرەوەکانی بازاڕی وزەی جیهانی، سەرجەم پێشبینییەکان بە ئاڕاستەی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن، پێشبینییەکان بۆ زیاتربوونی خواست لەسەر وزە زۆر بەهێزن لەگەڵ بوژانەوەی جموجوڵەکان لە سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا، ئاسیا و ئەمریکا، بەوهۆیەشەوە پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت بگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەر لە سەرهەڵدانی COVID19.
هاوكات بانک ئۆف ئەمریکا سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، زیادبوونی خواست لەسەر نەوت بەهۆی هەڵگرتنی ڕێکارەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا لە جیهاندا و زیادبوونی خواست لەسەر وزە بەهۆی زیادبوونی گەشتە ئاسمانییەکانەوە، هۆکارەکانی پشت بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن.