هاوكات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی پەنابەران، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە 82 ملیۆن كەس لە سەرانسەری جیهان بەهۆی شەڕ، ناكۆكی، ئەشكەنجە و هەوڵ بۆ بونیادنانەوەی ژیان ناچاربوون شوێن و ماڵی خۆیان جێبهێڵن.
كۆمسیۆنی سامیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران لەم بۆنەیەدا هانی سەرانی جیهان دەدات هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لەپێناو كەمكردنەوەی ئەو زیادبوونەی لەسەر ئاستی هەڵاتن و ئاوارەبوون بەهۆی توندوتیژی و ناچاركردنەوە لەئارادایە.
دەشڵێت، “سەرەڕای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژمارەی ئەو كەسانەی لە جەنگ، توندوتیژی، ناچاركردن و پێشێلی مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2020ەوە هەڵهاتوون لە 82.4 ملیۆن كەس نزیكدەبێتەوە”.
ئەمڕۆ 19ی حوزەیران بە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دیاریكراوە، لە بەیاننامەیەكیشدا بەو بۆنەیەوە كۆمسیۆنەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، لەكاتێكدا ژیانی زیاتر لە 82.4 ملیۆن لە پیاو و ئافرەت و منداڵ بەهۆی جەنگ و توندوتیژییەوە تێكچووە، ئەودوای دانیشتووانی جیهان، بەشی زۆرینەمان لە ماڵەكانماندا بە پارێزراوی ماوینەتەوە، ئەوان ناچاربوون لە ماڵەكانیان هەڵبێن تەنها بۆ مانەوەیان لە ژیاندا.
دەشڵێت، “بەهۆی ئەوەی سەرانی جیهان ناتوانن ئاشتی بهێننەدی، یان خواستی ئەوەیان نییە، زیاتر و زیاتری پەنابەر و ئاوارەبووان باجەكەی دەدەن. بە تەنها لە سێ ساڵی ڕابردوودا نزیكەی یەك ملیۆن منداڵ لە وڵاتانی خانەخوێی پەنابەران لەدایكبوون. دەبێت ئایندەیان چی بۆ هەڵگرتبن؟ ئەو هەلە چی دەبێت كە بۆیان فەراهەمدەبێت بۆ سودوەرگرتن لە تواناكانیان”.
ڕێكخراوەكە داواش لە سیاسییەكان دەكات هەوڵی زیاتر بخەنەگەڕ بۆ ڕێگری لە هەڵایسانی ناكۆكی و قەیرانەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان، لەگەڵ پێویستیی پاراستنی پەنابەران بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەزنامە و باوەڕ و پێكهاتەیانەوە.
جەختیشیدەكاتەوە، ڕۆژی جیهانیی پەنابەران هەلێكیشە بۆ دەرخستنی توانای پەنابەران، ئەوانەی لە هەموو شتێك دابڕاون، بەڵام درێژە بە ڕێگاكەیان دەدەن و لەگەڵ خۆیاندا چیرۆكی زامەكانی جەنگ و سەركوت و، نیگەرانی لە ژیانی دەرەوەی وڵاتەكانیان هەڵگرتووە.