دەستەی دەستپاکی: پرۆگرامی چاکسازی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە وۆرکشۆپێکی تایبەت بە مەترسییەکانی گەندەڵی لە کەرتی گشتییدا ڕایگەیاند، پرۆگرامی چاکسازی لە خوێندنی باڵادا دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام ئەمە بەمانەی ئەوە نایەت وەزارەتەکە ئێستا پڕە لە گەندەڵی.

وۆرکشۆپی مەترسییەکانی گەندەڵی لە کەرتی گشتیدا لە پارێزگای هەولێر بە هاوبەشی لەنێوان دەستەی دەستپاکی و ئاژانسی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان، UNDP و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بڕیارە بەهاوبەشی پرۆگرامێکی دوو ساڵی لە بارەی ڕوبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە وەزارەتی خوێندنی باڵادا جێبەجێ بکەن.

لە وتاری دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا دادوەر ئەحمەد ئەنوەر ڕایگەیاند، “بەش بەشکردنی کەرتی گشتی بەمەبەستی چاکسازی و ڕوبەرووبوونەوەی گەندەڵی فۆرمێکی نوێیە و ئێمە پاڵپشتی و هاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەین بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامەکە و ڕەنگە ئەمە ببێتە ئەزموونێک بۆ بەشەکانی دیکەی کەرتی گشتی”.

وتیش، “خوێندنی باڵا کەرتێکی ئێجگار گرنگە و پێویستە لەسەرمان بیپارێزین لە گەندەڵی، کاتێکیش باسی گەندەڵی دەکەین، مانای ئەوە نییە ئێستا خوێندنی باڵا پڕیەتی لە گەندەڵی بەڵکو دەمانەوێت ئەو کەرتە بەباشترین شێوە ئیدارەی کارەکانی خۆی بدات”.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەو پرۆگرامەی بۆ چاکسازی لە خوێندنی باڵادا جێبەجێدەکرێت ماوەکەی دوو ساڵ دەخایەنێت و ئێمە تەنها هاوکار و پاڵپشتیی پرۆسەکە دەکەین، وەزارەتی خوێندنی باڵا خۆی ئەرکەکان جێبەجێدەکات و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو دەدەین بۆ پاراستنی کەرتی خوێندنی باڵا لە مەترسییەکانی گەندەڵی.

بابەتی پێشتر

ڕۆژی جیهانیی پەنابەران.. زیاتر لە 82 ملیۆن كەس ناچاری هەڵاتن بوون

بابەتی دواتر

یەکێتی و گۆڕان واژووی بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەیان دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share