بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە چەندینجار زوڵمی لە خەڵکی کردووە و ئۆتۆمبیلی بێ ژمارەی بەکارهێناوە و بازرگانی مادەی هۆشبەریش بووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ 15ی تشرینی یەکەم پاش ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لە بوونی چەندین حاڵەتی تەقەكردن و بێزاركردنی هاووڵاتیان بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێ ژمارە و بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و حەبی بێهۆشكەر و چەند حاڵەتێكی دیكەی شەڕفرۆشتن بە خەڵك و تەعەداكردن لێیان، تیمێکی پۆلیس توانییان شوێنی تۆمەتبارێكی مەترسیدار بە ناوی (س.ر.ح) لە گەڕەكی پێنجی حەسارۆك ئاشكرا بكەن و بە پلانێكی وردی بەرنامەبۆداڕێژراو، دەستگیری بكەن.
پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکردووە، “تۆمەتبار بەپێی ماددەكانی (456) و (432) و (405/31) لە یاسای سزادان فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو و چوار سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرابوون، لە كاتی دەستگیركردنیدا لە شوێنی حەوانەوەی، دەست بەسەر (152 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ، 421 گرام جامایكا، 35 گرام حەشیش، 78 پارچە حەبی ترامادۆڵ، 6 چەكی جۆری كلاشنكۆف، 7 نارنجۆك، 2 ئۆتۆمبێلی جۆری كیا كادێنزا و نیسان سەنییەكی ژمارە ستاختە)ـدا گیرا”.
پۆلیسی ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبار، دانی بە تاوانەكانیدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (421) لە یاسای سزادان، راگیرا و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.