‘عێراق لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕێكدەكەوێت و بڕیارەكەش لە نەجەف-ـەوە دەدرێت’

ئاڵای عێراق و ئیسرائیل

جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق كە پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنەكەی موقتەدا سەدر بوو، دەڵێت “عێراق ئامادەیە لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕێكبكەوێت و بڕیارەكەش پێدەچێت لە نەجەف-ـەوە بدرێت.” لەبەرانبەریشدا “وەزیرەكەی سەد” هەڕەشەی لەناوبراو كرد و وتی، “گەر ئەدەبی نەبێت، تەمێی دەكەین.”

بەها ئەعرەجی، لە سەردەمی كابینەكەی عادل عەبدلمەهدی دا جێگری سەرۆكوەزیران بوو، پێشتریش سەرۆكی فراكسیۆنی ئەحرار (لیستەكەی موقتەدا سەدر) بوو لە پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنیدا چوارشەممە 14ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “عێراق ئێستا زیاتر لە هەموو كاتێك، بە تەواوەتیی ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دا ئاسایی بكاتەوە و ڕێكبكەوێت.”
ئەعرەجی وتیشی، “پێدەچێت بڕیاری ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دا، لە نەجەف-ـەوە دەربكرێت، نەوەك بەغداد-ی پایتەخت.”
وتەكانی بەها ئەعرەجی، كاردانەوەی بەرفراوانیان بەدوای خۆیاندا هێنا، ساڵح محەمەد عێراقی كە بە “وەزیرەكەی سەدر” ناسراوە، بەوپێیەی لەسەر پشكی ڕەوتەكەی موقتەدا سەدر پۆستی وەزاری وەرگرتووە، وتی، “دوژمنەكەی نەجەف، گەر بە ئەدەبەوە مامەڵە نەكات، تەمێی دەكەین.”
عێراقی، ئەو وتەیەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هاوپێچی وێنەیەكی ئەعرەجی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تشرینی یەكەم بڵاوكردەوە.
هەر لەو چاوپێكەوتنە تەلەڤیزیۆنییەدا، بەها ئەعرەجی ڕەخنەی لە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەكان گرت و وتی، “پرۆژەیەكە مەبەست لێی دابەشكردنی عێراقە، شیعەكان بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەوە، لە خوولی داهاتووی پەرلەمان دا 11 كورسی لەدەستدەدەن.”
ئەعرەجی هۆشداری دا لەوەی گەر شیعەكان پرۆژەیاسای هەڵبژاردن پەسەند بكەن، “ئەوا سەدامێكی تر دروست دەبێت”

 

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: ھاوکار و پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی ڕیشەیین

بابەتی دواتر

پۆلیسی هەولێر: کەسێک دەستگیرکرا کە بە ئۆتۆمبیلی بێ ژمارەوە زوڵمی لە خەڵک کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share