بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر پلانەکان نەگۆڕدرێن چەند ناوچەیەک دەکەونە ژێر مەترسی تیرۆریستانەوە

بێڵ ریچارد و بافڵ تاڵەبانی

هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پلانەکان نەگۆڕدرێن و ھاریکارییەکان فراوانتر نەکرێن ئەوا چەند ناوچەیەک کە کێشەی ئەمنییان ھەیە دەکەونە ژێر مەترسی هێزە تیرۆریستەکانەوە.

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە دەباشان پێشوازی لە بێڵ ریچارد جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و وەفدێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی بەگرنگییەوە باسی لەھەوڵەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە کرد و پشتیوانی و ئامادەیی یەکێتی دەربڕی بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی یەکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان و ڕایگەیاند، “یەکێتی لەم پرۆسە گرنگ و نیشتمانییەدا پەرۆشی بونیادنانی ھێزێکی تۆکمە و ڕاھێنراوی سەربازییە کە ڕەنگدانەوەی واقیعی ئەمڕۆ بێت و لەسەر بنەمای نەتەوەیی، شەراکەت و ھاوسەنگی ھێزەکان یەکبخرێنەوە”، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوی دیدارەكەدا هاتووە.

ئاشكراشیدەكات، لەبارەی بۆشایی ئەمنی لەچەند ناوچەیەکی عێراق و سوریا و جموجوڵی پاشماوەکانی داعش بافڵ تاڵەبانی مەترسییەکانی تیرۆری نەشاردەوە و ئاماژەی بۆئەوەکرد، “ئەگەر پلانەکان نەگۆڕدرێن و ھاریکارییەکان فراوانتر نەکرێن ئەوا چەند ناوچەیەک کە کێشەی ئەمنییان ھەیە دەکەونە ژێر مەترسی هێزە تیرۆریستەکانەوە” و بۆ ئەوەش ستراتیژی نوێی ڕوبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی داعشی ئاشکراکرد و ھەموو ھاوکارییەکی لەوڕووەوە لەپێناو سەقامگیری زیاتری ئارامی و ئاسایش دەربڕی.

پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و هاوسەرۆکی یەكێتی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و هێز و لایەنە سیاسییەکان و دیپلۆماتکاران بۆ وەفدی میوان روونکردەوە و وتی، “یەکێتی پەرۆشی پەیوەندییەکی دۆستانەیە لەگەڵ هەموو هێز و لایەنەکان و باوەڕمان بە دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشەکانە بەشێوەیەک کە لەخزمەت کۆمەڵانی خەڵکدا بێت و بەرژەوەندییە باڵاکان پارێزراوبن”.

بابەتی پێشتر

بایدن و پوتین كۆبوونەوەیەكی 4 كاتژمێرییان ئەنجامدا

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی هۆكاری كێشەی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share